کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیشەی دژواری کۆڵبەری گەیشتە ئاستی بڕوانامەی دوکتورا

17:28 - 13 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەهۆی نەبوونی هەلی کار و کەمتەرخەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، پیشەی دژواری کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە ئاستی بڕوانامەی دوکتورا.

بە هۆکاری نەبوونی هەلی کار و دواکەوتوویی ناوچەکانی کوردستان و کەمتەرخەمی و بایەخ نەدانی ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی بە خاوەن بڕوانامە کوردەکان، پاش وەرزشوانان، خوێندکاران، خاوەن بڕوانامەکانی ماستەر و لاوانی بلیمەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پیشەی دژواری کۆڵبەری گەیشتە ئاستی بڕوانامەی دوکتورا.

ڕێژەیەکی زۆر لە لاوانی کوردستان کە خاوەنی بڕانامەی دوکتوران، بەهۆی بێکاری و گرانی و ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە لە ئێراندا هاتوونەتە ئاراوە و هەروەها ئیهمال کردنیان لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە، بە ناچاری بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان و بنەماڵەکانیان، ڕوویان لە سەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان  پارچەکانی کوردستان کردووە و پیشەی دژاور و پڕمەترسی کۆڵبەرییان هەڵبژاردووە.

لەمبارەیەوە نوێنەری دەسنیشانکراوی ڕێژیم لە شارەکانی سەوڵاوا و مەریوان، ناڕەزایەتی خۆی لە هەمبەر بێکاری و نەبوونی هەلی دامەزراندن بۆ خاوەن بڕوانامە پلەبەرزەکانی کورد و گرتنەبەری پیشەی پڕمەترسی کۆڵبەریی دەبڕی و ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنی پیشەی کۆڵبەری بە ناچاری لە لایەن خوێندکارانی دەرچووی زانکۆکان وەکوو خاوەن بڕوانامەکانی ماستەر و دوکتورا یان وەرزشوانانی خاوەن میداڵیا نێونەتەوەییەکان کە حکوومەت هیچ بایەخێکیان پێ نادات و دەرفەتی کاریان بۆ ناڕەخسێنێت، ناماقووڵییە و لامان پەسەند ناکرێت.

وێڕای بە تاڵان بردنی هەموو سەرچاوەکانی داهات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هۆکاری کەمتەرخەمییە پلانداڕێژراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، ڕێژیەکی زۆر و چاوەڕوان نەکراو لە خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی چینی لاوان، لە بێ هیوابوون بە ڕەخساندنی هەلی کار لە لایەن حکوومەتەوە پیشەی دژواری کۆڵبەرییان گرتووەتەبەر، سەرەڕای ئەوەش ڕۆژانە لە لایەن میلیشا چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەکرێنە ئامانج و گیانیان لە دەست دەدەن یان بریندار و کەمئەندام دەبن.