کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیشەی سەنگبڕی لە کوردستان تووشی داڕمان بووە

11:21 - 13 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: پیشەی سەنگبڕی لە شاری قوروەدا تووشی داڕمانێکی بەرچاو بووە، بە شێوەیەک کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کارخانەکانی سەنگبڕی لەم شارەدا داخراون و بێکاربوونی زۆر کەسیشیان بەدواوە بووە.

شاری قوروە لە پارێزگای سنە، خاوەنی کۆمەڵێک کانگای گەورەی بەردە، هەر بەم بۆنەیەوە خاوەنی زۆرترین ڕێژە لە پیشەی سەنگبڕیدایە، بەڵام ئێستاکە تووشی داڕمانێکی ئێجگار بەرچاو بووە و کارخانەدارەکانیش مایەپووچبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە.

کارخانەدارێک لەمبارەوە وتی: "دەوڵەت کانگاکان بە کەسانێک کە خەڵکی ئێرە نین بە کرێ دەدات و ئەوانیش بەهۆی زۆربوونی کرێی کانگاکان، بە نرخێکی زۆر گران بەرد دەخەنە بەر دەستی خاوەنی کارخانەکان، هەر بۆیە ئێمەش توانای کڕینمان نەماوە و بە ناچاری کارخانەکانمان داخستووە".

یەکێکی دیکە لەم کارخانەدارانە ڕایگەیاند: "پاش تێپەڕینی ٢٠ ساڵ، تاکوو ئێستا لە لایەن دەوڵەتەوە هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ ئێمە دابین نەکراوە و هیچ هاوکارییەکیان نەکردووین؛ نە ئاومان هەیە، نە جاددە و نە هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەک بۆ ئاسایش و ئارامی لە شوێنی کارەکاماندا".

لە لایەکی تریشەوە هیچ شوێنێک بۆ لەنێوبردنی زبڵەکانی ئەم کارخانەیە تەرخان نەکراوە و ئەمەش دیمەنێکی ناشیرینی بە کارخانەکان داوە.

لەمبارەوە، "عەلی مەنتەشلوو"، بەرپرسی ئیدارەی "سەنعەت، مەعدەن و تیجارەتـ"ـی شاری قوروە، وتوویەتی کە بڕیار بووە شیرکەتی شارەکەکان، بەمەبەستی لەنێوبردنی زبڵەکان، زەوی بۆ ئەم کارخانەدارانە دابین بکات کە تاکوو ئێستا نەکراوە، هەر بۆیە هەندێک لە کارخانەدارەکان خۆیان بۆ ئەم مەبەستە زەوییان کڕیوە.

داخرانی کارخانەکان بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا کە کەمترین ڕێژەی کارخانەشیان تێدایە، بێکاربوونی کۆمەڵێک کرێکاری بەدواوە دەبێت کە لە نەبوونی دەرفەتی کاریدا ناچارن بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان ڕوو لە شارەکانی دیکەی ئێران بکەن.