کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیشەی ماشینسازیی ڕێژیمی ئێران لە قەیراندا بەسەر دەبات

19:49 - 27 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: پیشەی ماشینسازیی ئێران، بە هۆی گەندڵی و بێ‌مودیرییەتیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، تووشی مایەپووچی بووە و چارەنووسی هەزاران کەس کە لەم پیشەیەدا کار دەکەن، مەترسیی لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، "بەهرام پارسایی"، وتەبێژی کومیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، ڕایگەیاند کە شیرکەتی سایپا و ئێرانخۆدرۆ، بە هۆی زیانی وەسەریەکخراو، دەبێ مایەپووچیی خۆیان ڕابگەیەنن.

هەموو سەرمایەی شیرکەتی ماشینسازیی سایپا، ٤ هەزار میلیارد تمەنە، بەڵام ئەم شیرکەتە پتر لە ٢٠ هەزار میلیارد تمەن زیانی وەسەریەکخراوی هەیە. هەروەها شیرکەتی ئێرانخۆدرۆ، نزیکی ٨ میلیارد تمەن زیانی هەیە.

ژیان و گوزەرانی نزیک بە یەک ملیۆن کەس لە خەڵکی ئیران بە پیشەی ماشینسازی گرێدراوە. لە پیشەی ماشینسازیدا، ١٢٢ هەزارکەس ڕاستەوخۆ کاریان هەیە کە ١١٠ هەزار کەس لەوان لە شیرکەتەکانی سایپا و ئێرانخۆدرۆدا کار دەکەن و مانگانە نزیک بە ٢٠٠ میلیارد تمەن تێچووی مووچە و شتی دیکەیانە.

بەپێی مادەی ١٤١ی یاسای بازرگانیی ڕێژیمی ئێران، ئەگەر زیان و زەرەری شیرکەتێک بگاتە ٥٠ لەسەدی سەرمایەی ئەم شیرکەتە، ئەم شیرکەتە ئاشکرا مایەپووچ دێتە ئەژمار.

شیرکەتی سایپا و ئێرانخۆدرۆ سەرەڕای ئەوەی کە زیانی وەسەریەکخراویان هەیە، ڕێژەیەکی زۆریش بە بانکەکان قەرزدارن.

بە وتەی "بەهرام پارسایی"، هەموو شیرکەتە ماشینسازەکان نزیکی ٣٠ هەزار میلیارد تمەن قەرزدارن کە ٢٤ هەزار میلیارد تمەنی ئەم قەرزە دەگەڕێتەوە بۆ سەر شیرکەتی سایپا و ئێرانخۆدرۆ و ڕادەی ئەو ماشینە پێشفرۆشکراوانەی کە هێشتا ڕادەستی کڕیاران نەکراون.

ناوبراو بەنیسبەت خەلافی ماشینسازەکان دەڵێت: "ماشینەکان بە بیانووی نەبوونی هەندێک کەرەستە، ڕادەست ناکرێن. ماشینسازەکان تەنیا بۆ فرۆشتن بە شێوەی نەختی کەرەستەیان هەیە، چونکە نرخیان چەند قاتی نرخی بازاڕە و قازانجی زۆرتری لێ دەکەن.

هەروەها دەیان هەزار میلیارد تمەن پارەی پێشفرۆش لە دەستی ماشینسازەکاندایە کە دیار نییە چی لەو پارەیە دەکەن. شیرکەتی ئێرانخۆدرۆ تا کۆتایی سالی ڕابردوو، پتر لە ١٣ هەزار میلیارد تمەن پارەیان وەکوو پێشفرۆش لە خەڵک وەرگرتووە کە دیار نییە ئەو ماشینانە لە کوێن.

هەروەها وتەبێژی کومیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیسی ڕێژیم باسی لەوە کرد کە ئەم دوو شیرکەتە زیاتر لە سەدان هەزار شاکییان هەیە کە دەزگای دادوەری لەمبارەوە بێدەنگە کە بۆ ئێمە جێی پرسیارە.