کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانگێڕییەکانی ڕێژیم لە کوردستاندا بەردەوامە

11:51 - 15 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: پیلانگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی کوردستان، لە بەرەبەرەی ۲۲ی پووشپەڕدا بەردەوامە.

ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران، لە بەرەبەرەی مانگی پووشپەڕی هەموو ساڵێکدا، کە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور عەبدولڕەمان قاسملوو و هاوڕێیانیەتی، کە بە دەستی دێوەزمە تێرۆریستەکانی خۆیان تێرۆر کران، لە شارەکانی کوردستاندا دەست دەکات بە پیلانگێڕیی جۆراوجۆر و بەتایبەت لە ڕۆژەکانی نزیک بە ۲۲ی ئەو مانگەدا بە بەڕێوەبردنی کۆنسێرت و شەوەئاهەنگان و...، پیلانگێڕییەکانی بەرفەراوانتر دەکات.

لەم بارەیەوە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆنگرەیەکی لەژێر ناوی "کۆنگرەی ناودارانی کورد"، لە شاری سنەدا بەڕێوە برد، لە ڕۆژانی داهاتووشدا و لە بەرەبەرەی ۲۲ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی شەهید دوکتور قاسملوو، ڕێبەری بلیمەتی نەتەوەی کورد، بە نیازە لە شاری "مەریوان"، کۆنسێرتێک بۆ گۆرانیبێژێکی فارس بەڕێوە ببات.

پێشتریش لە درێژەی ئەم پیلانانەدا، چڵکاوخۆران و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستاندا، بە بڕیاری ئەربابەکانیان لە ناوەندە سیخۆڕییەکانی ڕێژیم لە کوردستان، لە بەرەبەرەی ۲۲ی پووشپەڕی هەموو ساڵێکدا، بە شێوەی جۆراجۆر لە گوند و شارەکاندا، وەکوو هەڵکردنی گۆرانی بە بڵیندگۆ و...، خۆشییان دەربڕیوە.

ساڵانی ڕابردووش ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بڕێک بەناو هونەرمەندانی کوردی ڕۆژهەڵات و تەنانەت پارچەکانی تری کوردستان، بۆ درێژەی ئەم پیلانگێڕییانەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کەڵکی وەردەگرت و لە چەند شارێکدا چەندین کۆنسێرت و شەوەئاهەنگی لە شوێنە گشتییەکان، وەکوو سینەما، پارکەکان، شوێنە گەشتیارییەکان و نێوەڕاستی شارەکان و... بۆیان بەڕێوە دەبرد.

لە ئەمساڵدا کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان، بە یەکدەنگ و بە ئیرادەیەکی نەتەوەیی، ئەو کردەوە تێرۆریستییە نامرۆڤانەیەی ڕێژیم، لەژێر ناوی ئاشتی و دانوستاندا ئیدانە و شەرمەزار دەکەن، ڕێژیم ڕاستەوخۆ پێشی پێی ناگیردرێت و دەیهەوێت پێش بە ئیرادەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بگرێت و ئەو هەوڵانەشی نەزۆک دەمێنێتەوە.