کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەرەبەرەی ۲۲ی پووشپەڕدا بەردەوامن

11:59 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، لە بەرەبەری ۲۲ی پووشپەڕدا، بە هەموو شێوەیەک خەریکی پیلانگێڕییه و له هەوڵە نەزۆکەکانی لە کوردستاندا بەردەوامە.

ڕێژیمی داگیرکەر و تێرۆریستپەروەری ئیسلامیی ئێران، هەموو ساڵێک لە مانگی پووشپەڕ و بەرەبەری ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوودا، به شێوەگەلی جۆراوجۆر، پیلانگێڕی لە شارەکانی کوردستاندا بە مەبەستی چەواشەکردن لە کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆیان، بەڕێوە دەبن.

لەم پەیوەندییەدا، بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی داگیرکەر و تێرۆریستپەروەری ئیسلامیی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئەو ڕێژیمە، لە ۲۲ی پووشپەڕ و ساڵڕۆژی کردەوە تێرۆریستییەکەی خۆیان و تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو، لە هەوڵی پیلانگێڕییەکی نوێدان و دەیانەوێت لە شوێنێکی شاری شنۆ بە ناوی "کانی عەینەڕۆم"، ڕێوڕەسمێک بۆ کۆژراوانی خۆیان بەڕێوە ببەن.

هەواڵێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "هێزە تێرۆریستییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ ئەو ڕێوڕەسمە دەکەن و داوایان لە خەڵک کردووە کە دەبێ بەشدار ببەن، هەروەها کۆمەڵێک لە بەرپرسان و کاربەدەستانی شارستانی، ناوچەیی شاری شنۆ و پارێزگای ورمێ، بەشدار دەبن.

ئەو پیلانگێڕییەی ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران لە شاری شنۆ، بە مەبەستی چەواشەکردنی کردەوە تێرۆریستییەکەی خۆیان بەرانبەر بە نەتەوەی کورده.

شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری نەتەوەی کورد، لە ۲۲ی پووشپەڕی ۱۳٦۸ی هەتاویدا، بە مەبەستی چارسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە چوارچێوەی ئێراندا، لە شاری ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئیراندا، لەسەر مێزی وتووێژ دانیشت، کە دیپلۆماتەکانی ڕێژیم، لە ڕاستیدا تیمێکی تێرۆریستی لە جلی دیپلۆماتکاردا بوون و دوکتور قاسملوو و شاندەکەیان تێرۆر کرد.

نەتەوەی کورد و بەتایبەتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە ڕۆژی ۲۲ی پووشپەڕ بەرز ڕاگردەن و یادی شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی دەکەنەوە، کە ڕێژیم جیا لە گرتن و کوشتن بەو بۆنەوە، لە ڕێگای پیلاگێڕیشەوە هەوڵی چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی ئەو ڕۆژە دەدات.