کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانەکانی دەنگوڕەنگی کۆماری تێرۆر

12:11 - 13 رێبەندان 2720

عەلی سۆرانی

هەر دوای دەسبەسەرداگرتنی ئێران لە لایەن تێرۆریستانی سوپای خومەینییەوە، ڕێژیمی تاران لە ڕێگەی دەنگوڕەنگییەوە، هەوڵی چەواشەکردنی خەباتی ڕەوای گەلەکەمانی داوە. لە یەکەم فیلمە دێکۆمێنتارییەکانیان لە شەڕی کوردستان و چەواشەی بزووتنەوە ڕەواکەمان، هەتا درووستکردنی دەیان فیلمی درێژ و کورتی سینەمایی و تەلەفزیۆنی دژی نەتەوەی کورد و بەتایبەتی جووڵانەوەی کورد.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بەپێی پلانی پیلاناوییان وەک هەموو ساڵێ، لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی هاتنەسەرکاری کۆماری تێرۆر، دەستیان داوەتە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێ وڕاوەی بێ بنەما؛ بەس ئەمجارەیان تەنیا بە نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نەوەستاون و شەڕی ڕاگەیاندنیشیان لەگەڵ هاونەتەوەکانمان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەیان لە کوردستانی باشوور بەچڕی دەست پێکردووە. دیکۆمێنتارەکانی "توکل" و "لبەی تیغ"، بەڵگەن بۆ سەلماندی پیلانی هەمیشەییان.

بەس پرسیاری سەرەکی ئەمەیە، کۆماری تێرۆر و دەنگوڕەنگەکەی بۆ وا دەکەن؟

ڕوون و ئاشکرایە کە هەرگیز لایەنگرانی ئایدۆلۆژیای "امت" لەگەل وشەی "ملت" تەبا نەبوون و بە هەموو شێوەیەک دژایەتی وشەی نەتەوە و شەڕی نەتەوەخوازییان کردووە. لەم سۆنگەیەشەوە نەتەوەی کورد و بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستان بەردەوام لە ڕیزی پێشەوەی هێرشەکانی جەلادەکانی تاراندا بوون و هەموو چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی دژایەتی کوردیان کردووە. فەرمانی جەهادی خومەینیی جەلاد بۆ سەر نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئاوێنەی باڵانوێنی ئەم ڕاستییەیە کە هەرگیز کاربەدەستانی شیعەی ئێران بە سیستمی ئاخوندی و پاشایەتیشەوە، خۆشیان لە کورد و نەتەوەی کورد نەهاتووە و لە کاولکردنی کوردستانیشدا درێغیان لە هیچ تاوان و سڵیان لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانەی دژی کورد و کوردستان نەکردووە. بۆیە دەکرێ وەک یەکەم هۆکار بۆ بێڕێزی کردن بە کورد، بزووتنەوە و ڕێبەرەکانی لە لایەن ڕێژیمی تێرۆرەوە هێما بۆ ڕق و بێزارییان لە نەتەوەی کورد و ئاستی باڵای وشیاریی نەتەوایەتی کورد و خەڵکی کوردستان بکەین.

هۆکاری دووهەم ئەمەیە کە هەرکات ڕێژیم ویستوویەتی پیلانێکی دژی کورد و کورستان بەڕێوە ببات، پێشتر لە باری میدیایی و دەنگوڕەنگ و شڕەخۆرەکانیەوە، هەوڵی تەواوی داوە بوار بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی خۆش بکات و بەستێن بۆ خولقاندنی جینایەت و تاوانێکی دیکە خۆش بکات. لە دواترین نموونەیدا دوو دێکۆمێنتاری "توکل" و "لبەی تیغ" بڵاو دەکاتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو دونیا دەزانن، کورد و بزووتنەوەی ڕەوای کورد لانیکەم لە سێ بەشی کوردستاندا، پشکی شێری لە جەنگ لەگەڵ تێرۆر و بەرەی تێرۆر بەرکەوتووە. حیماسەی تەوار و شێرە جەنگاوەرەکانی کورد دژی داعش و سوپای قودس و پاسداران لە باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، نەک کوردی وەک سیمبولی ئازایەتی و دژەتێرۆر بە دونیا ناساندوە، بەڵکوو وای کرد گەورە ئەکتەری فارسەکان، شانازیی بکات بە ڕۆڵ و دەورگێڕان لە قامەت و جلوبەرگی پێشمەرگە و شەڕڤاندا. ئەمەش لە لای گەورەترین پاڵپشتکاری تێرۆر و تێرۆریسم ئێجگار نابەدڵ و نەخوازراو بوو. بۆیە هەموو هەوڵی خستووەتە گەڕ، تا بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان و هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵێ کاڵفامی کوردی ئاسێمیلەکراو، بە قیزەونانەترین شێوە دیسان دەست بکاتەوە بە بەرهەمهێنانی فیلمی بێبنەما و پووچ دژی کورد و کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە و بۆ دەسئاوڵابوونی لە داگیرکاری و سەرکوتی زیاتر، دەیهەوێ کورد بە دۆست و پشتیوانی بێگانە و تێرۆریسم دابنێ و خۆشی بکاتە پاڵەوانی ساحەکە و وەک ڕزگاریدەری کورد لە ژێر چنگاڵی بێگانە و تێرۆریسم پێناسە بکات. ئەمەش لە حاڵێکدایە پاڵەوان پەمووەکەیان وا لێیان دا کە بە گوتەی وەزیری تێرۆریستی دەرەوەیان، تەنیا دەستێکی سووتاو و قرتاوی لێ بەجێ بمێنێ.

هۆکاری سێهەم ئەمەیە کە وەک سیاسەتی هەمیشەیی دوژمنانی کورد، بەنیازە لە ڕێگەی سینەما و تەلەفزیۆنەوە کورد بە گژی کوردا بداتەوە و وەک پیشەی هەمیشەییان لەنێو ماڵی کورددا دووبەرەکی بنێنەوە. هەم لە ناڵ دەدات و هەم لە بزمار. ئەوەی لەبەرەی سیاسەتە چەوتەکانیدا بێ بە دۆستی ئیسلام و ئەوەشی دژایەتی ئایدۆلۆژیای چەوتی بکات بە دۆستی ئیسراییل و دوژمنی ئیسلامی دادەنێ. بەداخەوە بەو هێژمۆنییەی فیلم و سێریاڵە ئێرانییەکان لە هەنێ ناوچەی کوردستان هەیانە، دەیهەوێ لە هەستی ئایینی هەنێ خەڵکی ساویلکە بۆ ئەم مەبەستە دزێوەی کەڵک وەربگرێ.

قاسملوو و ڕێبازەکەی و ئەو ڕێکخراو و سەرکردانەی دیکە کە کۆماری تێرۆر ناوەناوە لە ڕێگەی میدیا و سینەماوە، هێرشی بەربڵاو دەکاتە سەریان، ئەوندە ناسراو و خەباتکار هەن کە لە ڕێگەی کامێرای پاسدار و دەنگی جاشێکی ناحەزی خۆفرۆشەوە، ناشیرین نەکرێن.

بۆیە دەبێت لەم قۆناخەدا ئێمەش خاوەنی سیاسەتێکی یەکگرتووی میدیایی و ڕاگەیەندنی بین کە لەهەر کات و ساتێکدا، توانای بەرەنگاریی زانستی و سەردەمیانەمان لەبەرامبەر بێڕێزییەکانی دەنگوڕەنگی کۆماری تێرۆر و سێدارە و هەموو دەوڵەتانی دوژمنی کورد هەبێت و نەک ئەم بەرهەمه ناپرۆفیشناڵانە نەمانشڵەژێنێ بەڵکوو ببێت بە هەوێنی خۆ تەیار کردنمان بە دەنگوڕەنگێکی بەهێز. با ئێمەش ئاوڕێکی جیددی لەم بابەتە بدەینەوە کە گەر سینەما و دەنگوڕەنگێکی بەهێزمان بێت، تۆپ و دەبابە و سوپا و فڕۆکەی دوژمن، دەرەقەتی باوەڕ و ئیرادەمان نایەت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.