کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانەکانی رێژیم

12:49 - 21 بانەمەڕ 2722

لاوی پاوه‌

لە درێژەی دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەر و دژی گەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان، بەتایبەت ڕەشەکوژی و ژینۆسایدی خەڵکی بێ‌دەرەتان و بێ داهاتی شار و گوندەکانی کوردستان کە بۆ بژێویی بنەماڵەیەک دەستیان داوەتە دژوارترین کارەکان کە بە ناوی "کۆڵبەر"ی ناوبانگی دەرکردووە.

 قوربانیی ئەم جارە کۆڵبەرێکی گوندی دووریسان سەر بە شاری پاوە بە ناوی "سەفەر سوبحانیـ"ـیە کە لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠ای هەتاوی  لە بەرەبەری جەژنی ڕەمەزاندا لەسەر سنووری "نەوسوود" کرایە ئامانج و گیانی لەدەست دا.

ئەم تاوانە نامرۆڤانەیەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەم و پەژارەیەکی زۆری خستە دڵی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی شاری پاوە و ناڕەزایەتییان بەرانبەر بەم کردەوە ترسنۆکانە و تێرۆریستانەیەی ڕێژیم بە شێوەی جۆراوجۆر ڕاگەیاند کە لەنێوانیاندا مەلا "ئەحمەدی حوسێنی" بە ناردنی دەنگ داوای لە جاشی بەناوبانگ و تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەلا "قادر قادری" دەکات کە لەوە زیاتر لە بەرانبەر کردەوەکانی ڕێژیم بەنیسبەت خەڵکی ئەم دەڤەرەی کوردستانەوە بێدەنگ نەبێت و ئاماژەی بەوە کردووە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە مەلا "قادر قادری" هەموو ژیانی لەپێناو کۆماری تێرؤریستپەروەری ئیسلامیدا بەسەر بردووە و بەردەوام کردەوەکانی دژی گەلی کورد بووە، دەتوانێ داوا لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بکات پێش بەم کوشت و کوشتارەی کۆڵبەران بگرن و چیدیکە گەلی کورد داغدار نەبن.

لەو پێوەندییەدا کۆمەڵێک جاش وەک فەرمانداری پاوە و کەسێک بە ناوی دوکتور "جەهانگیر وەلەدبەیگی" دژی مامۆستا "محەممەد حوسێنی" ڕادەوەستن و خەڵکی شارەکانی پاوە و نەوسوود هەڵدەخڕێنن کە ڕێگا نەدەن کۆڵبەری شارەکانی دیکە وەکوو "جوانڕۆ و ڕوانسەر و سەلاسی باوەجانی" بێنە سنووری "پاوە و نەوسوود" کۆڵبەری بکەن، ئامانج لەم کارە دروستکردنی دووبەرەکی لەنێو خەڵکی ناوچەی هەورامان و دەوروبەرییەتی، پێویستە خەڵکی شاری پاوە و نەوسوود ئاگادار بن، ئەمە یەکێک دیکە لە پیلانەکانی ڕێژیم بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و کێشەیه لەو دەڤەرە.

ئەم کردەوە لە هەلومەرجێکدا ڕوو دەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ۱٤ی بانەمەڕ خەڵکی شارەکانی "پاوە، جوانڕۆ، ڕوانسەر و نەوسوود" ڕایانگەیاند کە لە پاوە دژی کردەوەکانی ڕێژیم و کوشت و کوشتاری و بە ئامانج گرتنی کۆڵبەران خۆپێشاندان بکەن، کە ڕێژیم هێزی زۆری لە نێوشار و ئەو شوێنانەی کە بۆ خۆپێشاندان دیاریکرابوو بڵاو کردبووەوە و ڕێگایان بە خۆپێشاندەران نەدەدا و هەروەها ڕێگرییان لە وەژوور کەوتنی هەر چەشنە ماشینێک بە پلاکی جوانڕۆ و ڕوانسەر و ... گرتووە.

خەڵکی شارەکانی "پاوە، جوانڕۆ، ڕوانسەر، نەوسوود و سەلاسی باوەجانی" دەبێت یەکڕێزی خۆیان دژی کردەوەکانی ڕێژیم بپارێزن.

ڕێگا نەدەن ڕێژیم پیلانەکانی سەر بگرێ و هەم کوشت و کوشتار لەنێو کۆڵبەر و خەڵکی ئەم دەڤەرە بکات و هەمیش هانیان بدات بۆ دروستبوونی دووبەرەکی لەهەر دەرفەتێک و بە هەر شێوەیەک.

 ئەم هەوڵانە جێ پەنجەی مۆرەکانی ئیتلاعات و سپای پاسداران و چڵکاوخۆرەکانی ڕێژیمی دژی گەلیی کوماری ئیسلامیی پێوە دیارە و بەردەوام دەیان هەوڵی وایان داوە و هەوڵیان وایە خەڵکی ناوچە لەگەڵ یەک دەرگیر بکەن، لەم پەیوەندییەدا داوا لە خەڵکی هەورامان و جوانڕۆ دەکەین نەکەونە داوی پیلانە گڵاوەکانی ڕێژیم و تا دەتوانن پێکەوە تەبا بن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.