کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ کەمکردنەوەی ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکان

12:55 - 24 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بۆ کەم نیشاندانی ڕێژەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، لە هەوڵی ئەوەدایە کە کوژراوان بە بەسیجی و کەسانی سەر بە ناوندە نیزامی و ئیتلاعاتییەکان بناسێنێت و تەقە لە خەڵکی ناڕازی بخاتە سەر شانی کەسانی سەر بە وڵاتانی دەرەوە و حیزبەکانی دژبەری خۆی.

هەواڵدەریی کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووتەوە کە ڕێژیمی ئێران بە بانگهێشتکردنی بنەماڵەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان، لە ڕێگای هەڕشە و تەماح نانەبەر، دەیهەوەێت ئاماری کوژراوان کەم بکاتەوە و ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، سەر بە ناوندە نیزامی و ئیتلاعاتییەکان بناسێنێت.

''محەممەد ساحیبی''، بەرپرسی دەزگای ئەمنیەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی کوردپا باسی لەوە کردووە، بەپێی ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان، ڕێژیمی ئێران لە حاڵی داڕشتنی تەرحێکە هەتا بە دۆسیەسازی، کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر بە کەسانی بەسیجی و سەر بە ناوندە نیزامی و ئیتلاعاتییەکان بناسێنێت.

''ساحیبی'' وتی، ناوەندە ئیتلاعاتی و نیزامییەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم تەرحە، بنەماڵەی کوژراوانیان بانگهێشت کردووە و بە گوشار خستنە سەریان داوایان لێ کردوون کە لەم بارەیەوە بێدەنگی ڕابگرن.

بەرپرسی دەزگای ئەمنیەتی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد، ڕێژیمی ئێران بە داڕشتن و بەڕێوەبردنی ئەم تەرحە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەیهەوێت ئاماری کوژراوانی سەر بە ڕێژیم بگەیەنێتە ئاستی ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکان.

هەروەها وتی، دوای داڕشتن و بەڕێوەبردنی ئەم تەرحە، ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر لەلایەن ڕێژیمەوە بە میدیایی دەکرێت.

دوای گرانکردنی نرخی بێنزین، خەڵکی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیم هاتنە سەر شەقام و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە توندترین و دڕندانەترین شێوە خەڵکی ناڕازییان سەرکوت کرد.

لە ڕەوتی سەرکوتی خۆپیشاندانەکان، نزیکەی ٤٠٠ کەس لە خەڵکی ناڕازی لە شارەکانی ئێران و کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕیژیمی ئێرانەوە کوژران و هەزاران کەسیش بریندار و  دەسبەسەر کراون.