کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێدانی پشووی زۆرەملێ بە کرێکاران، ئەمنیەتی کارییانی خستووەتە مەترسییەوە

12:19 - 14 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: نوێترین تاکتیکی خاوەنکار و شیرکەتەکان بۆ دەرکردنی کرێکاران لە ئێراندا، پێدانی پشووی زۆرەملێ و نوێ نەکردنەوەی گرێبەستەکانیانە.

لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا، بەشێک لە یەکەکانی کار و شیرکەتەکان، گرێبەستی بەشێک لە کرێکارەکانیان لە کاتێکدا نوێ نەکردووەتەوە، کە چەند مانگێک دەبێت ئەم کرێکارانە مووچەیان وەرنەگرتووە.

شیرکەتی گواستنەوە خەلیجی فارس، یەکێک لەو شیرکەتانەیە، کە گرێبەستی ٢٧ شۆفێری بارهەڵگرەکانی نوێ نەکردووەتەوە و لەسەر کارەکانیان دەری کردوون، کە ١٥ کەس لەم شۆفێرانە چەند مانگێک دەبێت مووچەیان وەرنەگرتووە.

یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەم شیرکەتە وتوویەتی: کە لەم دواییانەدا شیرکەتەکەیان لەگەڵ کێشەی ماڵی بەرەوڕوو بووەتەوە و قەرزێکی زۆریان لەسەرە.

هەروەها  کارخانەی "پارس میلنگ" نموونەیەکەی تری ئەو یەکە بەرهەمهێنەرانەیە، کە پشووی هاوینەی کرێکارانی یەکەی بەرهەمهێنان کە ژمارەیان ١٨٢ کەسە نوێ کردووەتەوە.

ئەم کرێکارانە بە هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیلنایان ڕاگەیاندبوو: کە نیگەرانی بێکاربوونی خۆیانن، کە بە هۆی  درێژکردنەوەی پشووی هاوینەیان گرێبەستەکانیان بۆ نوێ نەکرێتەوە و لە سەرکار دەر بکرێن.

لە لایەکی دیکەوە کارخانەی "توولی پرێس" یەکێکی دیکە لەو  یەکە بەرهەمهێنەرانەیە، کە لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژەوە، بە نزیکەی ٤٠٠ کرێکاری ئەم کارخانەیەی بۆ پشووی زۆرەملێ ناردووە.

کرێکارانی ئەم کارخانەیە ڕایانگەیاندووە، کە گرێبەستەکانیان لە کۆتاییی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا بەسەر دەچێت و ترسی ئەوەیان هەیە کە بۆیان نوێ نەکرێتەوە.

ئەم شیرکەتانە چەند نموونەیەکن لەو شیرکەتانەی کە بە هۆی خراپی باری ئابووری و بەرزبوونەوەی ڕۆژ بە ڕۆژی نرخی دۆلار و ئەرز لە  ئێراندا و نەتوانییان لە دابینکردنی مادە سەرەتایییەکان و پێدانی مووچەی کرێکارەکانیان، دەستیان بە دەرکردنی کرێکارەکانییان کردووە، هەتا لەم ڕێگەوە مایەپووچبوونی خۆیان وەدوا بخەن.

وەزیری کاری ڕێژیمی ئێران، لە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو، کە ئەگەری ئەوە هەیە کە لە ڕاستای دەسپێكردنەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا  یەک میلیۆن کەسی دیکە بە بێکاران زیاد ببن.