کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداویستیی سەرەتایی کارخانەکان لە ئێران تا یەک مانگی دیکە کۆتایی پێ دێت

13:02 - 30 بانەمەڕ 2720

کارخانەکانی ئێران ڕایانگریاندووە کە تا یەک مانگی دیکە ئەو بڕە لە پێداویستییە سەرەتاییەکان لە ئێراندا کۆتایی پێ دێت و ئەو کارخانانە لە بەرهەمهێنان دەوەستن.

''محەممەد لاهووتی''، سەرۆکی کۆنفێدراسیۆنی هەناردەکردنی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "یەکەگەلێکی زۆر پێمانیان ڕاگەیاندووە کە ئەو بڕە پاشکۆیە لە پێداویستییە سەرەتاییەکان لە ماوەی یەک مانگی داهاتوو کۆتاییان پێ دێت و لە هەمان کاتدا بەهۆی دابەزینی ئاستی هاوردەکردن، تووشی کێشەی قەرەبوونەکراوە دەبن''.

بەهای هەناردە و هاوردەکردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەهۆی پەیڕەوکردنی وڵاتانی دیکە لە گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا، بارودۆخی هەناردە و هاوردەکردنی ئەو ڕێژیمەی لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەنیسبەت خاکەلێوەی ساڵی ڕابردووی بەراورد کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەهای هەناردەکردنی نانەوتیی ڕێژیم ٩٤٣ میلیارد دۆلار و بەهای هاوردەکراویش ٤٠٤ ملیۆن دۆلار دابەزیوە.

بەهای هەناردەکردنی ڕێژیمی ئێران بە ٣٦ لەسەد دابەزین، لە ٢ میلیارد و ٥٩٥ ملیۆن دۆلار لە خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، بە یەک میلیارد و٦٥٢ ملیۆن دۆلار لە خاکەلێوەی ئەمساڵ گەیشتووە.

هەروەها بەهای هاوردەکراوی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یەک ساڵەدا، لە ٢ میلیارد و ٣٣٥ ملیۆن دۆلار بە یەک میلیارد و ٩٣١ میلیۆن دۆلار گەیشتووە کە ١٧ لەسەد دابەزینی بەخۆوە بینیوە.