کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێرسۆنێلی دەرمانیی نەخۆشخانەکانی شیراز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

12:32 - 18 سەرماوەز 2721

پێرسۆنێلی دەرمانیی نەخۆشخانەکانی شیراز کە لە چۆنیەتیی دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەستیی شیرکەتی ناڕازین، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەز لە ناوەندی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ناڕازییان لە بابەت دانانی جیاوازی و نادادپەروەری لەمەڕ دانی مووچەی مانگانەی پێرسۆنێلی دەرمانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری دامەزراندنی هەمیشەیی لە زانکۆ و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان بوون.

ناڕازییان لەلایەن بەرپرسانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە و پێیان وتراوە کە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی لە دەرەوەی زانکۆ، ناڕەزایەتییەکەیان وەکوو هەنگاو دژی ئاسایشی نەتەوەیی چاوی لێ دەکرێت و بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەکرێت.

هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیمی ئێران ڕوو لە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندبوو: "بودجەی پێویستمان بۆ ڕاکێشانی هێزی کاری نوێ نییە و هەتا ئێستا لە ٨١ لەسەدی بودجەی تەرخانکراو کەڵکمان وەرگرتووە، باشترە پەرستاران چاوەڕوانی دامەزراندن یان گۆڕانی دۆخیان نەبن".

پەرستاران ڕوو لەو ڕاگەیاندراوەی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە وتبوویان: "لەگەڵ ئێمە وەک کرێکاری وەرزی هەڵسوکەوت دەکرێت و لە کاتی کۆرۆنادا کە پێویستیان پێمان بوو کەڵکیان لێ وەرگرتین و بەڵێنیی دامەزراندنیشیان پێ داین، ئێستا کە دۆخەکە ئارامە بودجەیان بۆ دامەزراندن و گۆڕانی دۆخمان نییە".