کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێرسۆنێلی شارەداریی مێهران مانیان گرت

11:13 - 12 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: پێرسۆنێلی شارەداریی مێهران بە هۆی پشتگوێ خستنی داواکارییەکانیان لە لایەن ئەو ئیدارەوە دەستیان لە کار کێشایەوە.

بە پێی هەواڵی بڵاو کراو لە هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان، کارفەرما و پێرسۆنێلی شارەداریی شاری "مێهرانـ"ـی سەر بە پارێزگای ئیلام، بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و پێنەدانی مووچەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لەو ئیدارەیەدا بەڕێوە برد و بە هۆی بێ ئاکام مانەوەی ناڕەزایەتییەکانیان لە لایەن بەرپرسانی ئەو ئیدارەوە دەستیان لە کار کێشایەوە.

پێدانی مووچە و حەقدەستی پیرسۆنێلی شارەداریی مێهران بۆ ماوەی پێنج مانگە پشتگوێ خراوە و ئاوڕنەدانەوەی بەرپرسان لەو ئیدارەیەدا هۆکاری ناڕەزایەتی و دەست لە کار کێشانەوەی کارفەرمایانی ئەو ئیدارەیە بووە.

بە وتەی "عەیدی نیا" ئەندامی شۆرای ئیسلامیی شاری مێهران، ئەو شارەدارییە ساڵی ڕابردوو ٢ میلیارد تمەن قەرزدار بووە و ئەمساڵ قەرزەکانی ئەو ئیدارەیە گەیشتووەتە ١٣ میلیارد تمەن.

هەر لەم پێوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش ئێستا، کرێکارانی شارەداریی مەریوانیش کە ماوەی زیاتر لە ٧ مانگە مووچەی خۆیان وەرنەگرتووە و هیچ کاربەدستێکی ڕێژیمی ئێرانیش، لەو ناوەندەدا لە بەرانبەر ئەم کێشەیەدا خۆی بە بەرپرس نازانێ، دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕینەوە.

نەبوونی بوودجە، بەڕێوەنەبردنی بەخشنامەکان، جێبەجێ نەکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و نەدانی مووچەی فەرمانبەران لە ژمارەیەک لە ناوەندەکانی ڕێژیمدا، بەردەوام ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ دەکەوێتەوە.

هەروەها بە پێی هەواڵێکی بڵاوکراو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شارەداری شاری دێولان ، بڕی ٧٠٠ میلیۆن تمەن قەرزداری کارفەرما و پێرسۆنێلی ئەو ئیدارەیە.

بە گشتی شارەدارییەکانی شار و پارێزگاکانی کوردستان بە هۆی هەڵاوسان و کێشەی قووڵی ئابووری تووشی قەیران هاتوون و توانای پێدانی مووچەی فەرمانبەرانیان نییە.