کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێش بەکڕینی نەوتی ئێران گیرا

13:15 - 3 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کۆشکی سپی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، کە دانڵد ترامپ باسی لەوە کردووە کە مەعافییەتەکانی کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە لایەن وڵاتانی دیکەوە، چیدیکە درێژ ناکرێتەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢ی بانەمەڕ، دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا بڕیاری دا کە چیدیکه  مۆڵەتی مەعافییەتەکانی کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە لایەن وڵاتانی دیکەوە کە لەم مانگەدا کۆتایی پێدێت، درێژناکرێتەوە، ئەو بڕیارە بۆ بە سفر گەیاندنی نەوتی ڕێژیمی ئێرانه و ئەم ڕێژیمە دەبێت لە سەرەکیترین داهاتی خۆی، واتە فرۆشی نەوت بێبەش بکرێت.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: ئامریکا، عەربستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ڕێککەوتوون کە جێگای نەوتی ئێران لە بازاڕەکانی جیهان پڕ دەکەنەوە.

لەو بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە تا ئاکارە تێکدەر و ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ سەر ئامریکا و هاوپەیمانەکان و شەریکەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژەی هەبێت، دەوڵەتی ترامپ و هاوپەیمانەکانی، لە پەرەپێدانی کەمپەینی زۆرترین گوشار دژی ئابووریی ڕیژیمی ئێران بەردەام دەبن.

بەدوای ئەم بڕیارەدا، جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییی ئامریکا  لە پەیامێکی تویتێریدا وتی: ڕێژیمی ئێران دەبێت یان هەر ئێستا هەڵسوکەوتەکانی بگۆڕێت یان دەبێت نرخی ئەو هەڵسوکەوتە تێکدەرانەی بدات کە بەم شێوەیە تەنیا زەربە لە خەڵکی ئێران دەدات.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە نوێترین کاردانەوەیان لە هەمبەر ئەو بڕیارەی ئامریکادا باسیان لەوە کردووە کە بە زووترین کات بڕیارێکی پێویست دەدرێت و ڕادەگەیندرێت.

هەروەها، بە دوای ئەو بڕیارەی ئامریکادا، عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریاییی سپای تێرۆریستیی پاسداران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنی ئەلعالەم لە هەڕەشەیەکدا وتی: ئەگەر بەربەست بۆ هەناردەكردنی نەوتی ئێران دروست بكرێت، ئێمەش گەرووی هۆرمۆز، کە شاڕێی گواستنەوەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ بازاڕەكانی جیهانە، دادەخەین.

ئامریکا لەدوای هاتنەدەر لە ڕێککەوتنی بەرجام سزای نوێی به‌سه‌ر ڕێژیمی ئێراندا سه‌پاند، به‌ڵام ٨ وڵات له‌ بازرگانیكردن و كڕینی نه‌وتی ئێران بەخشرابوون، ئەو ٨ وڵاتە بۆ ماوەی ٦مانگ لەلایەن ئامریکاوە ڕێگەیان پێدرابوو کە بەشێوەی سنووردار نەوتی ئێران هاوردە بکەن؛ ئەو ماوەیە لەم مانگەدا کۆتایی پێ دێت.

 ڕۆژی دووشەممە ، ٢ی بانەمەڕ لەلایەن ئامریکاوە ڕاگەیەندرا کە چیدیکە ڕێگا بەم ٨ کڕیارەی نەوتی ڕێژیمی ئێران نادرێت کە نەوتی ئێران هاوردە بکەن.