کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشانگایەک بۆ کاری هونەری و دەستچنی ژنانی نێو شۆڕش لە "جێژنیکان" بەڕێوە چوو

13:25 - 19 جۆزەردان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردان، پێشانگایەک بۆ کاری هونەری و دەستچنی ژنانی نێو شۆڕش، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکان لە "جێژنیکان" بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بیدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان لەلایەن "نەسرین بابەکرزادە ئەقدەم" بەڕێوەبەری کۆمیتەی جێژنیکانەوە وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان بە گشتی و هەروەها بەخیرهاتنی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات، دەزگای ڕێکخستن، کۆمیتەی بێستوون و هەیئەتی داوەری، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

"بابەکرزادە ئەقدەم" لەسەر ڕۆڵی ژن لە مێژووی مرۆڤایەتی، گرینگیی کاری دەستیی ژنان بۆ ناساندنی کوردستان بە دونیای دەرەوە و هاوکاریی ژنان لەگەڵ پیاوان بۆ پێداویستییەکانی ژیان، بۆ ئامادەبووان دوا.

دواتر لەژێر چاوەدێریی "زیبا ساڵحی، فەریدە حەسەنزادە و حەمیدە محەممەدی" سێ کەس کە لە ڕوانگەی چاوەدێرانەوە باشترین بەرهەمیان ئامادەکردبوو بە ناوەکانی "کاڵێ محەممەدزادە، ئامین ئازەرمێهری و ئامین سولێمان‌پوور" وەک کەسانی یەکەم تا سێیەم هەڵبژێردران.

براوەکانی پێشانگا لەلایەن "هیوا میرزاییـ"ـەوە خەڵات کران؛ هەروەها لەوحی ڕێزلێنان لەلایەن "شەهرام حەمیدزادە"وە پێشکەشی داوەرەکان کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە چاولێکردنی بەشداربووان لە بەرهەمەکانی پێشانگا، کۆتایی پێهات.