کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمه‌رگە "سپی پۆشـ"ـەکانی‌ كوردستان پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژ دەکەن

12:38 - 25 گەلاوێژ 2720

کۆمەڵێک لە پێشمەرگە سپی پۆشەکانی کوردستان بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکیان بڵاو کردەوە و ئەو یادەیان بەرز ڕاگرت.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

٢٥ی گەلاوێژ هاوکاتە لەگەڵ ٧٥ ساڵ تێپەڕبوون لە گۆڕانی خەباتی کوردستان له شێوەی خێڵ و عەشیرە بۆ خەبات بە شێوەی زانستی و ڕێکخراوەیی و لە قاڵبی حیزبیدا که دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە فەلسەفەی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرانی حیزبەکەمان هەردەم  بیری سەردەمیانە و پێشکەوتنخوازانە بووه و ویستوویانە کۆمەڵگای کوردستان بەرەو بەها مرۆڤانە و سەردەمیانەکان هەنگاو بنێت، ئەمە یەکێکه لە هۆکارە سەرکییەکانی خۆشەویستبوونی ئەم حیزبە لەنێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا و بەردەوامبوونی تەمەنی پڕ لە شانازیی حیزبە خۆشەویستەکەمان کە لە ئێستاشدا خۆی لە ڕاسانی خۆرهەڵاتدا دەبینێتەوە کە بەرنامەیەکی مۆدێڕن و سەردەمیانەیە بۆ کۆمەڵگای کوردستان.

تێپەڕبوونی ٧٥ ساڵ بەسەر تەمەنی حیزبەکەماندا نیشاندەری درەوشاوەبوونی مەشخەڵی خەباتێکه کە ڕێبەری مەزنمان دوکتور "قاسملوو" دەیوت کە دەبێ نەسڵ بە نەسڵ بگوازرێتەوە، کەوابوو ئێمە پێشمەرگە سپی پۆشەکانی کوردستان بەڵێن بە ڕێبەرانی مەزنمان "پێشەوا" و دوکتور "قاسملوو" و دوکتور "شەرەفکەندی" و سەرجەم شەهیدان و خەباتکارانی کوردستان دەدەین کە لە سەنگەری خەبات بۆ تەندروستیی گەلەکەمان و خەبات بۆ ئازادیی گەلەکەمان هەردەم درێژەدەری رێگایان بین و مەشخەڵی خەبات تا گەیشتن بە سەرمەنزڵی ئازادی بەر نادەین.

بەرز و پیرۆز بێت یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبە خۆشەویستەکەمان

سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی گەلەکەمان

سڵاو لە خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسی

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان

کۆمەڵێک لە پزیشکانی کوردستان

٢٥ی‌ گه‌لاوێژی‌ ١٣٩٩