کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان دەگەڕێتەوە

11:46 - 6 خەرمانان 2720

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و ئەرتشی عێراق بە مەبەستی سەقامگیری لە ناوچە کوردستانییەکان لەسەر گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە ڕێكکەوتوون.

فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بە بڕیاری "عەبدولئەمیر شەممەری" جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بە كردنەوەی چوار ناوەندی هاوئاهەنگیی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی دەربڕیبوو.

بەپێی ڕێککەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق، چوار ناوەندی هاوئاهەنگیی هاوبەش لە کەرکووک، خانەقین، مەخموور و دەشتی پێکدەهێنرێن.

سپاسالاری هێزەکانی پێشمەرگە "جەمال ئیمنکی" ڕایگەیاندبوو: ''کۆبوونەوەکانی ئێمە لەسەر ناوەندی هاوئاهەنگیی هاوبەش له ناوچە هاوبەشەکان، بازگە هاوبەشەکان و چالاکییە هاوبەشەکانه".

ڕێککەوتنی ئەمنییەتیی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنییه‌تی لەو ناوچانە هاتووەتە ئاراوە.

دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان بەهۆی ئەوەیکە داعش جموجۆڵەکانی لەو ناوچانە زۆره و لەسەر ویستی خەڵکی ناوچەکە بۆ دابینکردنی ئەمنییەت و ئاسایش، داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دەکەن.

ماوەی ساڵێکە دانوستاندن بە ئامانجی کاری پێکەوەیی لەنێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەستی پێکردووە، بەڵام بەغدا بە بیانووی خۆپیشاندانەکانی عێراق گفتوگۆکانی ڕاگرت.

ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌ركووک كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق و هەتا ئێستا دۆخی کەرکووک ئاڵۆز و ناسەقامگیرە.