کوردستان میدیا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە که، پێشمەرگە لە نێوخوی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و لە شار و گوندی کوردستاندا حوزووری هەیە و هاوشانی خەڵک هەتا وەدیهاتنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بێ وچان و بێ دابڕان درێژە بە خەباتی ڕەوا دەدا.
دەقی هەواڵەکە بەم چەشنەیە:
خەباتی خەڵک و پێشمەرگە بەردەوامە
ماوەی زیاتر لە مانگێکە کە ڕێژیم دەستی داوەتە زیادکردن و دامەزراندنی موڵگەی نوێ لە سەر سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان . لە لایەکی دیکەوە بە پێکهێنانی گرووپی جۆراوجۆری زەربەتیی گەڕۆک، ڕەچاو کردنی ڕێوشوێنی سیخوڕیی نوێ لە ڕێگای هێزی زەمینی، کەڵکوەرگرتن لە هەلیکۆپتر و فڕۆکەی هەڵگری دووربینی تەرماڵ، هێنانی هێزی سەربازی لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە بە چەک و جبەخانەی قورسەوە ، گوایە دەیهەوێ پێش بە جووڵەی پێشمەرگە لە ناوخۆی کوردستان بگرێ.
لێرەدا پێویستە هەم ڕای گشتی و هەم کۆماری ئیسلامی کە هەر چەند بۆ خۆی باش دەزانێ ئاگادار بکەینەوە کە پێشمەرگەی کوردستان لە نێۆ خەڵک و لە نێوخوی وڵات دایه و خەڵکی کوردستان لە نێو دڵی خویاندا حەشاریان داون و شان بە شانی خەڵکی مافخوازی کوردستان لەپێناو مافە نەتەوەیی و ڕەواکانی کورد خەبات دەکەن.
ڕاسان خەباتی بەرین و بەربڵاوی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەیە کە بە ویستی خەڵک و لە نێو قووڵایی کوردستانی ئێرانەوە دەستی پێکردووە . خەڵکی کوردستان بە پێشمەرگە و غەیرە پێشمەرگەوە خاوەنی سەرەکیی ڕاسان و بزاڤی نەتەوەیی کوردن، بەڵام کوماری ئیسڵامی وەک ڕابردووی سیاسەتی چەواشەکارانەی خۆی دەیهەوێ خەباتی خەڵک و پێشمەرگە وەک دیاردەیەکی هاندراو لە لایەنی دەرەکی و بە پیلانی ئەم و ئەو نیشان بدا. پێشمەرگە لە نێوخوی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و لە شار و گوندی کوردستاندا حوزووری هەیە و هاوشانی خەڵک وەک پشتیوانی سەرەکی خەباتی کۆمەڵگای کوردستان هەتا وەدیهاتنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بێ وچان و بێ دابڕان درێژە بە خەباتی ڕەوا دەدا.
خەڵک و پێشمەرگە لەیەک دانەبڕاون و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەرکی بەو ڕاستیە حاشاهەڵنەگرە کردووە ، هەر بۆیە لە ڕێگای دەزگا و بنکە سیخوڕیە جۆراوجۆرەکانیەوە بەردەوام خەریکی پشکنینی شار و گوند و شاخ و هەموو ماڵێکی کوردستانە و ئەمەش ڕاستییەکە کە ڕێژیم بە کردەوەکانی ناڕاستەوخۆ دانی پێدا دەنێ.
کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خەڵک و پێشمەرگە لە کوردستانی رۆژهەڵات، چالاکیی هاوشانی خەڵک و پێشمەرگەی کوردستان، دەرخەری ئەو ڕاسیتیەن کە پێشمەرگە بەشێکە لە ژیان و خەباتی خەڵکی کوردستان.
پێشمەرگە دەنگی ئازادیخوازی خەڵکە، پێشمەرگە پشتیوانی خەباتی مەدەنیانە و پێشکەوتووانەی خەڵکی کوردستانە . پێشمەرگە بەشێکە لە کۆمەڵگای سەروەریخوازیی کوردستان . پێشمەرگە تەنیا ئەوکاتە دەستی بۆ چەک بردووە کە چەکدار و سیخوڕی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە یا بۆسەیان بۆی ناوەتەوە.
پێشمەرگە شەرخواز نیە و باسکی بەهێزی نەتەوە و خەباتێکی ڕەوایە و لەگەڵ خەڵکە و لە نێو خەڵکە و لەسەر ڕێبازی بەردەوامە.
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٧