کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە سپی پۆشه‌كانی‌ كوردستان به‌بۆنه‌ی‌ ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور ''قاسملوو''ی نەمر پەیامێکیان بڵاو کردەوە

11:23 - 22 پووشپەڕ 2720

کۆمەڵێک لە پزیشکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە پەیامێکدا بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ڕایانگەیاندووە، وەکوو پێشمەرگەیەکی سپی پۆش لە مەیدانی خزمەت بە گەلەکەمان و وڵاتەکەمان لە دژی ئەم نەخۆشییە کارەساتباره‌دا هه‌ین و خۆمان بە درێژەدەری خەباتی دوکتوری مەزنمان دەزانین و ئامادەین نرخی ئازدی بدەین.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی ئازیز!

لە ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور ''قاسملوو''ی نەمردا زیاتر لە هەر کاتێک دەردەکەوێت کە هەرچی زەمان تێدەپەرێت زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە مەبەست لە تێرۆری دوکتورمان تەنیا تێرۆری فیزیکیی ڕێبەری حیزبێک یان جەریانێک نەبووە، بەڵکوو مەبەست تێرۆری بیروباوەڕێکی قووڵ بە ئازادی ‌و دێموكراسی‌‌ و بەها مرۆییەکان بووە کە دژی هەر چەشنە کۆنەپەرستی و خورافات و جەهل ڕادەوەستا.

بە لەبەرچاوگرتنی تێپەڕبوونی زیاتر لە سی ساڵ لە تێرۆری‌ ئەم ڕێبەرە گەورە، زیاتر لە هەر کاتێک دەرکەوتووە کە تەنانه‌ت ئەوانەی لە پێناو ژیانێکی ئاسایی چاویان لە دیکتاتۆری و ئیستبدادی ئەم ڕێژیمە داپۆشیبوو کەوتوونەتە ژێر گوشار و سەختییەکی زۆر که دەرهاویشتەی بیری دیکتاتۆری و کۆنەپەرستییە.

هاونیشتمانییانی ئازیز!

هەر وەک دیارە و ئامارەکان نیشان دەدەن، گەلی ئێمە بەهۆی بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قوناغێکی سەختدایە و ڕۆژانە زۆرێک لە خه‌ڵكه‌كه‌مان ئازیزانیان تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن و گیانیان لەدەست دەدەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بەپێچەوانەی وڵاتانی دیکه‌ی‌ ناوچە و جیهان هیچ پلان و بەرنامەیەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم نەخۆشییە نییە و بە زەختهێنان و دابیننەکردنی کەرستە پزشکییەکان بۆ کادری دەرمانی‌‌ و خەڵک، خۆی بووەتە بەشێک لە هۆکاری تەشەنەستاندنی زیاتری ئەم نەخۆشییە.

لە کۆتاییدا ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە پزیشکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەر چۆن وەکوو پێشمەرگەیەکی سپی پۆش لە مەیدانی خزمەت بە گەلەکەمان و وڵاتەکەمان لە دژی ئەم نەخۆشییە کارەساتباره‌دا هه‌ین، لە مەیدانی خەبات دژی ڤایرۆسی جەهل و کۆنەپەرستی و داگیرکاری بۆ بەدەستهێنان و گەڕاندنەوەی ئازادی و کەرامەتی خەڵکی خۆمان شانبەشانی چینەکانی تری کۆمەڵگا خۆمان بە درێژەدەری خەباتی دوکتوری مەزنمان دەزانین و ئامادەین نرخی ئازدی بدەین.

سڵاو بۆ شەهیدانی ڤییەن و سڵاو بۆ خەباتکارانی حیزبەکەمان.

کۆمەڵێک لە پزیشکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات