کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە سپی پۆشەکان: ناوەندە دەرمانییەکان بوونەته‌ ناوەندی خەبات دژ بە دوژمنانی ئازادی

10:21 - 25 سەرماوەز 2720

کۆمەڵێک لە پێشمەرگە سپی پۆشەکانی کوردستان، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پەیامی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

٢٦ی سەرماوەز ساڵڕۆژی ناوزەدکردنی بەوەفاترین ڕۆڵەکانی کوردستان بە وشەی پیرۆزی پێشمەرگەی کوردستانە. ئەو مرۆڤە بە ئەمەگەی کە لە سەختترین قۆناغەکانی مێژووی گەلەکەماندا لە گیانبازی بۆ نیشتمانەکەیان هیچکات درێغییان نەکردووە و ڕێگای سەختی خەباتیان گەیاندووتە ئەم سەردەمه.

بە ڕاگەیاندنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات لەلایەن حیزبی دێموکرات کە میراتداری ئەو سەرمایە نەتەوەییەیە، خەباتی پێشمەرگایه‌تی کە زۆرتر بە خەباتی چەکداری دەناسرا، پەلی ئەستاند بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و هەر چینێک توانی خۆی لە چوارچێوەی ئەم خەباتە سەردەمیانەدا ببینێتەوە.

ئێمە وەکوو پزیشکەکانی کوردستان خۆمان بە سەربەرز دەزانین که لە سەرەتای بڵاوبونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنادا خەڵکی کوردستان شەرەفی نازناوی پێشمەرگەی سپی پۆشیان بە ئێمە و سەرجەم کادری دەرمانی داوە و بووەتە هۆی دڵگەرمی لەنێو کادری دەرمانیی کوردستاندا.

بەم بۆنەوە پیرۆزباییەکی گەرم دەنێرین بۆ سەرجەم پێشمەرگەکانی کوردستان و ڕایدەگەیەنین که نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکان بوونەته‌ ناوەندی خەبات دژ بە دوژمنانی ئازادی.

بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان