کوردستان میدیا: بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان پەیمانی لەگەڵ ئامانجەکانی کۆماری کوردستان نوێ کردەوە.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، هێزی ١٢٢ی پێشمەرگەی کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بۆ ١٠ی خاکەلێوە لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە برد.
سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە ، بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. دواتر "محەممەد نۆباری" جێگری فەرماندەی هێزی ١٢٢ی کوردستان پەیامێکی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.
ناوبراو لە بەشێکی پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد: "سەدان ساڵە سروشتی کوردبوون بووەتە تابۆی سەری داگیرکەرانی کوردستان؛ خەو و خۆراکیان لە خۆیان حەرام کردووە هەتا بۆهەبوونی خۆیان بە هەر شێوازێک دەست درێژ بکەنە سەر نرخی هەر نەتەوەیەک و کاری ناڕەوا ئەنجام بدەن؛ لە ڕشتنی خوێنی هاووڵاتییانی بێ دیفاعی کوردەوە بگرە هەتا دەگاتە ئێعدام و لەسێدارەدانی پێشەوا و تێرۆری ڕێبەرانی کورد. سیمای کوردکوژانەیان ئەوەندە بێداد دەکات کە بەزەییان بە کۆرپەی کورددا نایێت که ئەوەش بووەتە مێتۆدێک کە نەوە بە نەوە پێڕەوی لێ دەکەن".
پاشان "سامڕەند ئەنبەری ئازەر" کادری سیاسیی هێزی ١٢٢ی پێشمەرگەی کوردستان نیگاری بێ وێنەی پێشەوای مەزنی کوردستان و یەکەم سەرکۆماری کوردستانی وەرگرت کە بەدەستی هونەرمەندی پێشمەرگە "کامیل شەریف سەفایی" کێشرابوو.
دواتر گرووپی مووزیکی هێزی ١٢٢ی پێشمەرگەی کوردستان سروودێکی لەژێر ناوی "وەرن با بچینە سەر گۆڕی شەهیدان" پێشکەش کرد؛ هەروەها هەڵبەستێک به بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە لە لایەن "موعید مورادی" پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.
لەنێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات "مانشت حەیدەری" هۆنراوەیەکی پێشکەش کرد.
ڕێوڕەسمەکە بە پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان کۆتایی پێهات.