کوردستان میدیا: لە چیاکانی کوردستان نەورۆزی کوردەواری لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان، مەشخەڵدارانی ڕاستەقینەی نەورۆزی کورد و ئاڵاهەڵگرانی ڕاسان و بەیداخدارانی هەستی نەتەوەیی پیرۆز کرا.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چیاکانی کوردستان ڕایگەیاند، لە چیاکانی کوردستاندا، پێشمەرگەی جامانە و هەوری لە مل، پێشوازی لە نەورۆزی کوردەواری کرد.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە کۆتاساتەکانی ساڵی کۆنی کوردەواری، ڕێوڕەسمی دەسپێکی ساڵی نوێی ٢٧١٩ی کوردیی، بە مەشخەڵی ئاگری دەستی کوڕی شەهید "شەهاب حەیدەری" بەڕێوە برد.
ئەم دەستەملانەی پێشمەرگە و نەورۆز، لە دوو بڕگەی سەرەکی پێک هاتبوو، کە بەشی یەکەمی بریتی بوو لە: پیرۆزباییی هاتنی ساڵی نوێ و تەباییی خەڵک و هێزە سیاسییەکان کە لە لایەن "غالب حەبیبی" پێشکەش کرا.
پاشان کورتەباسێک سەبارەت بە نەورۆزی کوردەواری خوێندرایەوە.
"کۆمار حەیدەری"، کوڕی شەهید "شەهاب"، بە هاوکاریی کچان و کوڕانی دیکەی پێشمەرگە، مەشخەڵی ئاگری نەورۆزیان هەڵکرد.
گۆرانی و دیلان بە دەوری ئاگرە سوورەی نەورۆزدا، نێوئاخنی بڕگەی یەکەم بوو.
بڕگەی دووهەم، بە کۆبوونەوی پێشمەرگەکان لە دەوری یەکتر بۆ بەڕێوەوبردنی کۆڕێک دەستی پێ کرد.
ئەم بەشە لەبەرگرەوی کۆمەڵێک بیرەوەری، مەتەڵ، قسەی خۆش و گۆرانی و یاری بوو.
پێشمەرگەکانی بەشدار لە ڕێوڕەسمەکە، تا دەستپێکی ساڵی ٢٧١٩ ی کوردی لە دەوری یەکتر مانەوە و وێڕای هیوای یەکڕیزی و یەکگرتووییی نەتەوەکەمان، ژیانێکی ئەمڕۆیی ئینسانی بۆ خەڵکی کوردستان و سەرکەوتنی ڕاسانیان بە ئاوات خواست.