کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان

16:17 - 23 سەرماوەز 2719

ڕەفیق میری

ئەوانەی شۆڕشگێڕی ڕاستەقینەن کە تەنانەت ئەگەر دەیان جار مردنیشیان لە پێش بێت، دەست لە خەبات هەڵناگرن. ( دوکتور قاسملوو)

"پێشمەرگە"

ئەم وشەیە بۆ یەکەم جار لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، واتە ٧٤ ساڵ پێش ئێستا لەدایک بووە، هەر لەو سەردەمەدا بووە بە ناسنامەی سپای میللیی کوردستان و هەموو ئەو شۆڕشگێڕانەی کە بۆ مان و مەوجوودییەتی گەلی کورد و خاکی کوردستان تێدەکۆشان و خەباتیان دەکرد.

وشەی پێشمەرگە وشەیەکی کوردییە و هەڵقوڵاوی ڕاستەقینەی نێو بیری نەتەوەیی کوردە و بە مانای "پێش مەرگ کەوتن" دێت. پێشمەرگە ئینسانێکی سیاسیی ئامانجخوازە کە چەکی ھەڵگرتووە تا لەپێناو ئامانجەکەیدا کە ودیھێنانی ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەییە بۆ گەلەکەی خەبات بکات. بەو کەسە دەوترێت پێشمەرگە کە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیی لا هێندە بەرز بێت کە لە پێناو پاراستنی گەلەکەیدا ئامادە بێت مەرگی خۆی بخاتە سەردەست و لە پێناویدا فیدای بکات.

پێشمەرگە بە درێژایی ٧ دەیەی ڕابردوو بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازەکانی خەباتی ڕەوا بەرانبەر بە داگیرکەرانی کوردستان بۆ وەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەکەی و هەروەها بە ڕەوشتبەرزی و فیداکاری و قارەمانیەتی و گێڕانی ڕۆڵێکی جوامێرانە وای کردووە کە لە ئەمڕۆدا ببێت بە وێردی سەر زمانی گەورە و بچووکی گەلەکەمان و ببێتە سەمبول و هێمای خۆڕاگریی  نەتەوەکەمان. هەر ئەمە وای کردووە کە جێگای خۆی لەنێو دڵی خەڵکی کوردستاندا بکاتەوە و ببێت بە هێزی ڕزگاریدەری کوردستان.

هەرچەند بە درێژایی مێژوو دوژمنانی گەلی کورد هەوڵیان داوە کە پێشمەرگە بە هێزی تێکدەر و تێرۆریست و میلیشا لەقەڵەم بدەن و هەموو هەوڵیان ئەوە بووە کە سیمایەکی ناشیرین لە پێشمەرگە بە ناوەندە جیهانییەکان نیشان بدەن، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە هەموو ئەو هەوڵانە بووەتە بڵقی سەر ئاو، ئێستاش ناوی پێشمەرگە لە ناوەندە جیهانییەکاندا وەک سەمبولی ئازادی و داکوکیکەری یەکسانیی مرۆڤایەتی و وەکوو هێزێکی دژ بە تێرۆر لە جیهاندا ناسراوە.

ڕۆژی پێشمەرگە

هەندێک جار لەنێو گەلانی دونیا لەم جیهانە پان و بەرینەدا ڕووداوگەلێک ڕوو دەدەن کە دەرئەنجامەکەی پۆزەتیڤ و شانازیهێنەر یاخود بەپێچەوانەوە نێگەتیڤ و لێوانلێو لە تراژیدیا دەبێت. ئەو ڕووداوانە لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەک، وڵاتێک یان دەوڵەتێکدا دەخولقێن و زۆرجار دەبنە ساڵ و ڕۆژێکی گرینگ و مێژوویی لە چوارچێوەی ئەو وڵات و کۆمەڵگایەدا، هەر بۆیە لە کۆمەڵگادا بەگشتی یادیان بە زیندوویی ڕادەگرن و ئاڵای ویژدان نەخەوتوویی و ئەمەگناسییان بۆ دەشەکێننەوە.

بەگشتی مێژووی زۆربەی وڵاتانی دونیا پڕە لە کارەساتی شاد و خەمهێنەر کە پێویستیان بە بەرزڕاگرتن و هەرمانەوە هەیە کە لەم پێناوەدا بۆ ڕێزگرتن و لە یادنەکردنی ئەو پێشهاتانە ڕۆژێک، مانگێک، یاخود ساڵێک ناوزەد و دیاری دەکرێی.

لەنێو نەتەوەی پارچە پارچە کراوی کوردیشدا کەم نین ئەو ڕووداوانە کە پێویستیان بە بەرزڕاگرتن و هەرمانەوە هەیە، یەکێک لەم  ڕووداوە مێژووییانە دیاریکردنی ڕۆژێک بوو بۆ ئەمەگناسی دەربڕین و سەری ڕێز و بەوەفایی دانەواندن لە هەمبەر پارێزەر و گیانبەختکەری نیشتمان، داکۆکیکەری یەکسانی مرۆڤایەتی و وەفادارترین ڕۆڵەی گەلی کورد، واتە پێشمەرگە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بە لێکدانەوەی مێژووی پڕشنگداری پێشمەرگە، لە بەهاری ١٣٦٣دا لە پلونۆمی خویدا، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاری کرد.

دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ بەرزڕاگرتنی لەخۆبردوویی مرۆڤێک کە لەنێو هەناوی مێشک و خاک و لەنێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا ڕیشەیەکی کولتووری و مێژوویی داکوتاوە شایەنی نرخاندن و پێزانینە. بێگومان و بەدڵنیاییەوە دیاریکردنی وەها ڕۆژێک ئەوە نییە کە تاقانە ڕۆژ بووبێت کە پێشمەرگە حماسەی تێدا خولقاندبێت، ئەگەر چاوێک بە مـێژووی تێکوشانی هێزی پێشمەرگە لە ٧ دەیەی ڕابردوودا لە کوردستان بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێت کەم ڕۆژ هەیە کە پێشمەرگە تێیدا فیداکاریی نەکردبێت و حماسەی نەخولقاندبێت، هەر بۆیە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە دوو هۆی سەرەکیی هەیە؛

یەکەم: لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤، ئاخرین بنکە وەک دوا نیشانەی داگیرکەران و ڕەزاشای پەهلەوی، بە دەستی ڕۆڵەکانی گەلی کورد دەستی بەسەردا  گیرا.

 دووهەم: هەر لەو ڕۆژەدا و بەدەستی ئەو ڕۆڵە خۆنەویستانە، ئاڵای داگیرکەران هێنرایە خوار و بۆ یەکەمجار ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر بڵیندترین بینای شاری مەهاباد هەڵدرا، ئەو حەرەکەتە بوو بە بناغەی دامەزرانی دەوڵەتێکی کوردی لە شێوازی کۆماریدا و پێکهێنانی سپای کورد کە دواتر ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی لێنرا. کەواتە ٢٦ی سەرماوەز هەم ڕۆژی پێشمەرگەیە و هەم ڕۆژی ئاڵای کوردستانە.

پیرۆز بێت ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.