کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەكانى شار له بۆكان بەنیسبەت تۆپبارانکردنی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە

18:42 - 15 گەلاوێژ 2720

پێشمەرگەكانى شار له بۆكان بەنیسبەت تۆپبارانکردنی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە پەیامێکدا ئامادەیی خۆیان بۆ هەرچەشنە بڕیارێکی حیزبی دەربڕی.

دەقی پەیامە بەم چەشنەیە:

ئێمه پێشمەرگەكانى شار له بۆكان، تۆپبارانکردنی ناوچەشاخاوییەکان و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی دواکەوتوو مەحکووم دەکەین.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ئەوە دەیان جارە سپای تێرۆریستیی پاسداران مەغوول‌ئاسا بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی هەر جارە و بە شێوەیەک داوەتە بەر پەلاماری نامڕۆڤانە.

ڕێژیم بە بڕوای تەسکی خۆی دەیهەوێت گەلی کورد و شۆڕشگێرانی کورد چاوترسێن کا. بەڵام سەرەڕاەی ئەویکە نەیتوانیوە هیچ ئامانجێکی نگریسی خۆی بەڕێتە پێش، بەڵکو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پۆل بە پۆل کوڕان و کچانی تینووی ئازادی و سەربەخۆیی پەیوەست دەبن بە ڕیزی خەباتکارانی شاخ و لە مەتەرێزی شەرەفدا و چەکی داکۆکی لە گەلە بێ بەشەکەیان دەکەنە شان و دەبنە چەقڵی چاوی دوژمنان و بە پشتیوانیی گەلی خۆیان خەباتی شاخ و شار بۆ بەرەوپێشبردنی ڕاسانی خۆرهەڵات لە هیچ تەنگ و چەڵەمەیەک ناپڕینگێنەوە.

بەڵام عەقڵیەتی شۆڤێنیستی  دژە کوردی کۆماری سێدارە هێشتا تێنەگەیشتووە کە گەلی کورد  وەکوو قەڵایەکی پۆڵاین لە پشتی حیزبە خۆشەویستەکەیان ڕاوەستاون و ئامادەن هەر نرخێک بدەن .

ئێمە پێشمەرگەکانی شاری بۆکان چاوەڕێی هەر بڕیارێکی حیزبین کە شار و گوند لە دوژمنانی نیشتمان پاک کەینەوە کونە مشکیان لێ بکەینە قەیسەری.

پێشمەرگەكانى شار له بۆکان

١٤ی گەلاوێژی ١٣٩٩هەتاوی