کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شار لە شنۆ ئامادەیی خۆیان بۆ هەر ئەرکێکی حیزبی دەربڕی

12:51 - 24 بانەمەڕ 2722

پێشمەرگەکانی شاڕ لە شنۆ لە گوندەکانی ''سینگان، بێمزوورتێ و بابخاڵاوێ'' لە چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغیدا بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستان پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دووپات کردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر ئەرکێکی حیزبی دەربڕی.

ڕۆڵە بەرجەگەکانی دێموکرات لە شنۆ لە پەیامێکدا ڕایانگەیاند: ''ئێمه وەک پێشمەرگەکانی شار ئامادەیی خۆمان بۆ هەر چەشنە جووڵانەوەیەک دەردەبڕین و پشتیوانیی خۆمان لە پێشمەرگەکانی شاخ ڕادەگەیەنین و تا گەیشتن بە ئامانجی سەربەرزی شەهیدان دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵ ناگرین''.

لەو پەیامەدا هاتووە: "لە هەنووکەدا زیاتر لە هەمیشە هێزی شار بۆ هەر چەشنە جووڵانەوەیەک لە ئامادەییدایە و ئەوەیکە بە هیچ هێز و مووشەک و تۆپباران بە چۆک دانایەت هێزی بەهێزی پێشمەرگەی کوردستانە چ لە شار و چ لە شاخ".

هەروەها ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات بۆ پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کێوی ''قەرەقا'' و لە گوندەکانی کانی درێژ و گولۆڵانی بۆکان کە خەڵکێکی زۆر لە مەهاباد، بۆکان و سەقز بۆ سەیران ڕوویان تێ کردووە، بە کێشانەوەی ئاڵای کوردستان و نووسینی سەرکەوێ ڕاسان و بژی حیزبی دێموکرات چالاکییان بەڕێوە بردووە. هەروەها هێرشی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان مەحکووم کرد.