کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شاخ لە گەڵ بنەماڵەی شەهید لوقمان مێهفەر پەیمانیان نوێ کردەوە

17:59 - 26 خاکەلێوه 2721

ڕێکەوتی ۲٦ی خاکەلێوەی ۱٤۰۰ی هەتاوی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان جێگیر لە چیاکانی کوردستان بە نوێنەرایەتیی پێشمەرگەکانی شاخ، سەردانی گڵکۆی شەهید "لوقمان مێهفەر"یان کرد و بە دانانی تاجەگوڵینەی ڕێزلێنان وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهید لوقمان، جەختیان لەسەر درێژەدانی ڕێبازی شەهیدان و بەدیهێنانی ئاواتی شەهیدان کە ئازادیی کورد و کوردستانە کردەوە.

دواتر لە دیدارێکدا لەگەڵ بنەماڵەی شەهید "لوقمان مێهفەر"  پێشمەرگەکانی شاخ بە گرینگییەوە باسیان لە ڕۆڵی شەهید لوقمان لە ڕاسان و پێگەیاندنی پێشمەرگە گەلەکەمان کرد.

لەو دیدارەدا "قادر مێهفەر" وێڕای بەخێرهاتنی پێشمەرگەکانی شاخ و سپاسی هاوخەمییان باسی لە گرینگیی پێگەی پێشمەرگە لە بزاڤی گەلەکەمانی کرد و باسی لەوە کرد: "وەک بنەماڵەی شەهید لوقمان مێهفەر خۆمان بە خزمەتکاری پێشمەرگە و ئامانجی پێشمەرگە دەزانین و شانازی بە وجوودی ئێوەوە دەکەین و لەو ڕێگەیەشدا بۆ پشتیوانی و خزمەتی پێشمەرگە ئەرکی خۆمان دەزانین".

هاوکات خاتوو "خەدیجە" خێزانی شەهید لوقمان، وێڕای سپاسی پێشمەرگە، دووپاتی کردەوە کە شەهید لوقمان مڵکی میللەتی کوردە و خەمی لەدەستدانی شەهید لوقمان خەمی کورد و بە تایبەت پێشمەرگەیە، درێژەپێدانی ڕێگای شەهیدان ئەرکی هەموومانە.

پێشمەرگەکانی شاخ لەو دیدارەدا پەیمانیان نوێ کردەوە کە هەتا دواهەناسە درێژە بە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدان دەدەین.