کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شار بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان پەیامێکیان بڵاو کردەوە

18:19 - 4 رێبەندان 2720

پێشمەرگەکانی شار لە شاری مەهاباد بەبۆنەی بەرز ڕاگرتنی ٢ی ڕێبەندان، ٧٥ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ڕێبەندان مانگێکی خۆشە

جەژنی من جەژنی تۆشە

ئەگەر کوردی بزانە

مانگی جەژنی کوردانە

مانگی هەڵاتنی ئاسۆ

ڕۆژی شایی و سەربەخۆ

ڕێبەندان ڕێزی زۆرە

جێژوانی کۆمار و خۆرە

ماڵی کورد بوو چوارچرا

بەیداخی تیا هەڵکرا

بۆیە دەڵێم پیرۆزە

یادی ڕزگاری هۆزە

فەسڵی دووبارەی ژیان

قازی و کورد و ڕێبەندان

ئێمەی پێشمەرگەکانی نێوشاری مەهاباد بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و ساڵیادی ئەو حکوومەتە مەزنەیە، سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان بەتایبەتی سێ شەهیدی سەرکردە و ڕێبەر، پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی.

هەروەها پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی، هەموو ئەندامان و کادر وپێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی مافخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین.

هەرچەند لەو چەند حەوتوویەدا زیاتر لە ٥٠ کەس لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون، ئەوەش بۆ ئێمە لەماوەی ئەو ٤٠ ساڵ هاتنە سەرکاری کۆماری پەت و سێدارەی نائیسڵامییەوە تا ئێستا بەردەوام بووە بۆ لێدان لە مافویستی و شوناسخوازیی نەتەوەیی کورد لە هیچ شێوازێکی شەڕ و پیلانگێڕی درێغی نەکردووە.

ئێمەش پێشمەرگەکانی نێوشاری مەهاباد پەیمان نوێ دەکەینەوە هەتا ئاخرین دڵۆپی خوێنمان پابەند بین بە بڕیارەکانی حیزب و هیچ کات سڵ نەکەین.

بە خوێنی شەهیدانی کوردستان سوێند دەخوێن سەنگەر و ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان چۆڵ ناکەین تا دەگەین بە ئاوات .

بەرز و پیرۆز بێت ٢ی ڕێبەندان

بژی پێشمەرگەکانی شاخ و شار

ڕاسان دژ بە حکوومەتی پەت و  سێدارە و چڵکاوخۆران بەردەوامە

پێشمەرگەکانی نێو شاری پێشەوا قازی

 ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ی کوردی