کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شار داوا لە خەڵک دەکەن دەنگ نەدەن

10:03 - 1 رەشەمه 2719

پێشمەرگەکانی شار لە شارەکانی وەک سەڵماس، ماکۆ، ورمێ، شنۆ، مەهاباد، پیرانشار، بانە، سەقز، جوانڕۆ، ڕوانسەر، سنە، کامیاران، کرماشان، ئیلام و چەندین شاری دیکەی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە وەک چۆن ئەوان دەنگ نادەن، خەڵکیش لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری نەکەن.

دەقی ئەو پەیامە بەم چەشنەیە:

هەر وەک دەزانین ڕۆژی هەینی، ڕێژیمی ئێران شانۆگەرییەک بەڕێوە دەبات بە نێوی هەڵبژاردن و دواتر چەند مۆرەیەکی دیاریکراوی خۆی وەکوو نوێنەر ڕادەستی مەجلیس دەکات. ئەو مۆرانەی ڕێژیم  هەمیشە بە کەڵکاژۆوەرگرتن لە بابەتی نەتەوەیی و نیشتماندۆستی توانیویانە خەڵک بکێشنە سەر سندووقی دەنگدان و خەڵکیان بە پێدانی کۆمەڵێک وادە هیوادار کردووە.

ئەو بە ناو نوێنەرانە بۆ خۆیان زۆر چاک لێیان ڕوونە کە توانایی بە جێگەیاندنی ئەو بەڵێنانەیان نییە کە بە خەڵکی دەدەن و تەنیا پۆستەکەیان بۆ گرینگە کە بە سوودی خۆیان کەڵکی لێوەربگرن.

 خەڵک بەو دەرەنجامە گەیشتوون کە دەنگدان گۆڕان بە سەر هیچ مەسەلەیەک لە کۆمەڵگادا ناهێنێ و ئەو پرۆسەیە تەنیا خەڵک فریودانە. هەر بۆیە دەنگنەدان و بەشداری‌نەکردن لە ئێستادا ڕێگای دروست و ئوسوولییە و دەنگدان ڕەواییدانە بە پرۆسەی فریودانی خەڵک و درێژکردنەوەی تەمەنی بێزراوی نیزامی ڕێژیمی ئێرانە.

دەسکەوتی ڕێژیمی ئێران تەنیا ماڵوێرانی، گرتن، زیندانیکردن و کوشتن و دەیان جنایەتی دیکە بووە. جارێکی دیکە دەنگدان بایکۆت دەکەین و دەڵێین با خەڵک وشیار بن و دەنگ نەدەن.

نا بۆ دەنگدان

بڕۆخێ ڕێژیمی ئێران

پێشمەرگەکانی شار لە ناوخۆی وڵات