کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شار سەردانی بنەماڵەی شەهیدان و گڵکۆی شەهیدانیان کرد

12:48 - 5 بانەمەڕ 2720

لە بۆکان دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی شار لە بۆکان سەردانی بنەماڵەی شەهیدان و گڵکۆی شەهیدانیان کردووە و پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.

دەستەيەک له پێشمەرگەکانی شار لە بۆکان و گوندەکانی "باغڵووجە، گۆگەبەسی، حەسار، قاجر، سەیداوای قاجر، شاریکەند، کۆسەم کولتەپەی بۆکان" سەردانی بنەماڵەی شەهیدانیان کرد.

هاوکات تێکۆشەرانی دێموکرات سەردانی گڵکۆی شەهیدی فەرماندە "قاسم حاجی باقی" فەرماندەی هێزی "بەیان" و شەهید "هەمزە زولفی"ـان کرد.

لەو چالاکییەدا وێنە و تراکت و پۆستێری ڕێبەرانی شەهید، ئاڵای کوردستان و جامانە لە سەر گڵکۆی شەهیدان دانا.

شەهید "هەمزە زولفی" کوڕی سەعید  ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی  لە ئاوایی گۆگجەلی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر چاوی بە دونیا هەڵێنا. لە ساڵی ١٣٥٧دا دوای ڕووخانی ڕێژیم پاشایەتی کە ٢٧ ساڵ تەمەنی بۆ لەگەڵ سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاشنا دەبێ.

ناوبراو لە ناوچەی ئاڵەشینی سەر بە بۆکان ئەرکەکانی خۆی بە باشترین شێوە بەڕێوە دەبا. بەداخەوە لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە دەسبەسەر دەکرێ و ڕەوانەی چاڵە ڕەشەکان دەکرێ.

لە ماوەی یەک ساڵ مانەوە لە زیندانی  بۆکان کە ئەشکەنجەیەکی زۆر دەدرێ و ناتوانن بە چۆکی دابێنن  پلانێکی تۆکمە دادەڕێژێ و لەگەڵ چەند هاوڕێی دیکەی کە هەموویان ئەندامی حیزب دێموکڕات دەبن دەتوانن لە زیندانی شاری بۆکان هەڵێن. بەرپرسان زیندان زوو پێیان دەزانن و پێوشۆنیان هەڵ دەگرن.

لە ئەنجامدا دوو کەس لە هاوڕێیانی دەرباز دەبن .هاوڕێیەکی دیکەی  کاک هەمزە تەقەی لێ دەکەن بەداخەوە شەهید دەبێ. کاک هەمزە زولفی دەسبەسەر دەکرێتەوە.

دواتر بۆ ئیدارەی ئیتڵاعات بۆکان دەگوازرێتەوە. دوای چەند ڕۆژ لەژێر توندترین ‌ئەشکەنجە هیچ زانیارییەک نادرکێنێ دەرزی فەلەجی لێدەدەن کە بەداخەوە دوای چەند مانگێک لە پێ دەکەوێ.

کاک هەمزە زولفی بۆ ماوەی چەند ساڵ لەسەر جێگا بێ سەرو زمان دەمێنێتەوە کە تەنیا دوو وشەی دەزانی. خودا و حیزبی دێموکڕات.

سەرئەنجام کاک هەمزە ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ساڵی ٧٩ هەتاوی مەتەرێزی شەرەف بۆ هاوڕێیانی جێ دێلێ. لە گۆرستانی کولتەپەی شاری بۆکان بەخاکی پیرۆزی نیشتمان دەسپێردرێ.

شەهید "قاسم محەممەد پوور" ناسراو بە "قاسم باقی " خەزەڵوەری ١٣٢٦ی هەتاوی لەدایک بوو.

بەداخەوە لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٦٣ی هەتاوی لە ئاوایی باغڵووجە لە دەرگیرییەکدا تێکەڵ بە کاراوانی شەهیدان دەبێ هەر لە گۆرستانی ئاوایی باغڵووجە بەخاکی پیرۆزی نیشتمان دەسپێردرێ.