کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شار لە بۆکان و شنۆ پشتیوانیی خۆیان لە هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە

11:04 - 27 خەزەڵوەر 2721

پێشمەرگەکانی شار لە بۆکان و شنۆ بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی و سەردانکردنی گڵکۆی شەهیدان، پشتیوانیی خۆیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردەوە و لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.

پێشمەرگەکانی شار لە بۆکان لە ناوچەی ''ئەحمەدی کۆڕ'' بە بڵاوکردنەوەی تراکتی حیزبی بۆ پشتیوانی لە شاخ و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "جادەی گەڕەکی میراوای بۆکان تا ئەمیرئاباد، تاراوا، حەمامیان، شەقامی سوارەی ئیلخانیزادە لە حەمامیان و زۆربەی تابلۆکانی ڕێگای گوندەکانی بۆکان و دەوروبەری، گۆڕستانی مێژویی حەمامیان کە گڵکۆی شاعیری شێعری نوێی کوردی سوارە ئیلخانیزادەی لێیە".

پێشمەرگەکانی شار لەو چالاکییەدا ئامادەیی خۆیان بۆ هەر بڕیارێکی حیزبی دەربڕی.

هەروەها پێشمەرگەکانی شار لە ئاوایی ''ڕەحیم خان'' سەر بە ناوچەی ''ئاڵە شینیـ''ـی بۆکان لە سەردانێک بۆ سەر گڵکۆی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر چەشنە ئەرکێکی حیزبی دووپات کردەوە.

هەروەها ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری شنۆ سەردانی گڵکۆی شەهید ''ئیسماعیل ماملێـ''ـیان کرد و ئاڵای کوردستانیان هەڵ کرد.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەو چالاکییەدا بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ شەهیدان نوێ پەیمانیان کردەوە کە هەتا گەیشتن بە ئامانجی گەل و نیشتمان درێژەدەری ڕێبازی شەهیدان بن.