کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بۆکان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویان کردەوە کە تۆڵەی شەهیدانی حیزبی دێموکرات لە چڵکاوخۆرانی ڕق لە دڵ دەکەنەوە.
پێشمەرگەکانی شاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بۆکان لە ناوچەی "ئاڵەشین" لەو ڕاگەیەندراوەدا بڵاویان کردووەتەوە، هاوینی ئەمساڵ لە ڕووداوێكی دڵتەزێندا دوو شۆڕشگێڕی دێموكرات و دوو كێوی باوەڕ و كۆڵنەدان (هاوڕێیان شەهاب حەیدەری و هەژار ڕەزایی) كە ساڵانێک لە ڕیزەكانی ڕێكخستنی نهێنیی حیزبدا پێكەوە خەبات و چالاكیمان دەكرد، بە هۆی خەیانەتێكی لەبیرنەكراو، كەوتنە بۆسەی چڵكاوخۆرانی ڕێژیم و بە شێوەیەكی دڕندانە شەهید كران.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، ئێمە درێژەدەرانی ڕێبازی پڕسەروەریی شەهیدان سەرەڕای هەموو ئەو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و نەتەوەییانەی كە خەباتی ڕەوای حیزب و گەلەكەمان دەیخاتە سەرشانمان، ئەركێكی قورسی دیكەشمان لە سەر شانە كە دەبێ بۆ بەجێگەیاندنی هەوڵ بدەین، ئەویش لەبیر نەكردنی هەستی تۆڵەكردنەوەی خوێنی بە ناهەق ڕژاوی شەهیدانی هاوڕێمان و وەشاندنی گورزی گورچكبڕ لەو چڵكاوخۆرە ڕق لە دڵانەیە كە خوێنی ئاڵی پاكترین ڕۆڵەكانی ئەم نیشتمانە لە پێناوی خزمەت بە داگیركەری دڕندەدا دەڕێژن.
لە کۆتایی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە ئێمە پێشمەرگەكانی شاری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی پەیمانی وەفا و ئەمەگناسی بەرامبەر بە خەبات و تێكۆشانی شەهیدانی ئەم دواییانەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بە پێشەنگایەتیی حیزبی دێموكرات، خۆمان بە قەرزداریان دەزانین و تۆڵەی خوێنی بە ناهەق ڕژاویان بە ئەركێكی نیشتمانی، مرۆیی و شۆڕشگێڕانە دەزانین و لەو ڕێگایەدا پشتیوانتانین.