کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پیامێکیان بڵاو کردەوە

14:12 - 10 خاکەلێوه 2721

پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ ڕۆحی پاکی شەهیدان پەیمان و بەڵێنییان نوێ کردەوە کە تا وەدیهاتنی ئامانجە پیرۆزەکانی نەمرانی گەل دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵنەگرن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

مان و بوون و درێژەدان بە خەبات لەلایەن حیزبی دێموکرات و باقیی لایەنە خەباتکارەکانی دیکەوە لە سایەی فیداکاریی ئازیزانی ئێوەیە.

سەروەرانی چوارچرا !

 ڕێبەرانی گۆڕغەریبی پێرلاشێز !

نەمرانی خاکیپۆشی نێژراو بە جلوبەرگی پێشمەرگە !

خۆڕاگرانی لەسێدارەدراو !

کۆچکردووانی هەندەران و دوورەوڵات !

کڕنۆش دەبەین بۆ گڵکۆ و مەزارتان.

بەڕێزان!

کەسوکاری شەهیدان!

 لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا دوو ڕێژیمی دڕندە و جینایەتکار دەستیان بە خوێنی ڕۆڵە مافخوازەکانی کورد سوور بووە کە بە خۆشییەوە ڕێژیمی دیکتاتۆری پاشایەتی ئاسەواری نەما و لەنێو چوو و هەمدیسان بە خۆشییەوە دەبینین کە هەر ئیستاش ڕێژیمی تێرۆریستی ئاخووندی، لە کۆتاساتەکانی تەمەنی نگریسی خۆیدایە، کەوابوو ئازیزانی ئازیز لەدەستچوو، سەر بەرز بکەنەوە وەک هەمیشە سەربەرزانە کە ڕۆژی لە باوەشگرتنی بووکی ئازادی گەلێک نزیکە.

خۆشەویستان بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدان!

ئێمە وەک ڕێبوارانی وەفادار و ئەمەگناس لە ڕۆژی ۱٠ی خاکەلێوەدا بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ ڕۆحی پیرۆزی شەهیدان و ئێوە پەیمان و بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە تا وەدیهاتنی ئامانجە پیرۆزەکانی نەمرانی گەل دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵنەگرین.

لە کۆتاییدا بەوپەڕی شەرمەزارییەوە داوای لێبووردن دەکەین کە بە زۆر هۆکار نەماتوانیوە ئەو جۆرە کە شایانی ئێوەی خۆشەویستە ئاوڕتان لێ بدەینەوە. بەڵام دڵنیا بن کە لە ڕۆژی ڕزگاری و ئازادیی نیشتمان، وەک چۆن خۆشەویستانی شەهیدی ئێوە سەرقافڵە و مەشخەڵداری خەباتە ڕەواکەمان بوون، ئێوەش ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی جەژن و شادیی دامەزرانی حکوومەت و دەسەڵاتی کوردی دەبن.

هەزاران سڵاو لە ڕۆحی پاکی نەمرانی گەل.

پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد

١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ی کوردی