کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد و ناوچەی شاروێران بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەوە پەیامێکیان بڵاو کردەوە

13:06 - 27 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: پۆلێک لە پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد و ناوچەی شاروێران، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگەیان کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

سەرماوەز

سەرماوەز لە هەنیسکی دایک و

بە دڵۆپ دڵۆپی خوێنی شەهید و

لە فەرمێسکی منداڵی هەتیو

لە مێژوویەکی بێکۆتایی فەرچکی گرت

لەسەر پێوەربوونی مرۆڤ، فێری گاگوڵکە بوو

لە شەختە و سەرمای کوێستان

پۆشاکی لەبەر کرد

سەرماوەز لە پەرتووکخانەی پێشەوا

پێنووسی لەدەست کرد

چەکی لەشان کرد و

بە سروودی وا هاتن پێشمەرگە

لەم وەرزەدا، بە ناوی مانگی سەرماوەز

ئەم ڕۆژەی بۆ خۆی دیاری کرد.

وێـــــڕای سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە لە چیا بەرزەکانی کوردستان و لە خوێندا شەڵاڵی دایکی کوڕ کوژراو،

تیژترین سڵاو وەک تیژیی خەنجەری بەر پشتێندی پیرە پیاو،

بە تینترین سڵاو وەک تینی لوولەی تفەنگی پێشمەرگە،

بۆن‌ خۆشترین سڵاو وەک بۆنی خۆشی ڕەشە ڕیحانە

و جوانترین سڵاو وەک جــــوانیی کچانی ڕوو سووری کوردستان،

پێشکەشە بە هەموو ئەو خۆنەویستانەی نیشتمان و گیان لەسەر دەستەکانی گەلەکەمان، کە گەورەترین سەرمایەی ژیانی مرۆڤ کە گیانە، حازرن لەو ڕێگایەوە بیبەخشن تا گەلە چەوساوەکەمان لەژێر زوڵم و زۆری حکوومەتی فاشیست و دڕەندەی نائیسلامیی ئێران ڕزگاریی بێت، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مەزنەیان لێ دەکەین.

ئێمە پێشمەرگەکانی شاری مەهاباد و ناوچەی شاروێران بەڵێن دەدەین بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پێشمەرگە قارەمانەکانی شاخ و بنەماڵەی سەربەز و ڕووسووری شەهیدان کە تا ئاخرین دڵۆپی خوێنمان،

ڕێباز و ئامانجی شەهیدان بەرنەدەین و ماندوونەناسانە تا گەیشتن بە ئامانج بەردەوام لە سەنگەری شەرف و خەباتدا بین.

بەرز و پیرۆز بێت ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان

بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بژی ڕاسان، خەباتی شاخ و شار

ڕاسان دژ بە داگیرکەران و جاش و خۆفرۆشان بردەوامە

پێشمەگەکانی شار لە مەهاباد و ناوچەی شاروێران