کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شار لە هەموو شوێنێک بوونیان هەیە

16:52 - 31 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شار، لە هەموو شوێنێک و لەنێو دامودەزگاکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا حوزووریان هەیە.

بەپێی ڤیدیۆیەکی نێردراو لە لایەن هەڵۆکانی دێموکرات بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هەڵۆکانی دێموکرات ڕایانگەیاندووە کە لە زۆربەی شوێن و بارەگاکانی سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیدا بوونیان هەیە و چاونەترسانە و بوێرانە و بەربڵاوتر لە جاران درێژە بە کار و چالاکییەکانی خۆیان دەدەن.

هەر لەم ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت کە سپای تێرۆریستی پاسداران، ئەو کەرەستانەی کە لەسەر سنوورەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستاندا، لە ڕێگەی کۆڵبەران و ئەو کەسانەی کە بە قسەی ڕێژیم بە قاچاخ کەرەستە هاوردە دەکەن، بۆ تەیارکردنی نۆماڵیی ئەو خۆفرۆش و جاشە چالاکانەی کە ژیانی هاوبەش پێک دێنن، بەکاری دێنێت.

پێشمەرگەکانی شار باسیان لەوە کردووە کە سپای  تێرۆریستی پاسداران لە شاری سنە، هەر کوڕ و کچێکی جاشی چالاکی ئیتلاعاتی ڕێژیم یان خۆفرۆشی سپای تێرۆریستی پاسداران، کە ڕێژەیان گەیشتە ١٠٠ تا ١٥٠ کەس، سپای تێرۆریستی پاسداران لەژێر ئەمر و فەرمانی ئیتلاعاتی ڕێژیم، بۆ ئەم مۆرە بەکرێگیراوە دەمەوبەختانە، ڕێوڕەسمێک بەڕێوە دەبات.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها زیادی کردووە: "بۆ هەر دووانە یان کچ و کوڕێک، نیو جیهازێکیان بۆ دابین دەکرێت کە بریتین لە کۆمەڵێک کەرەستەی نێو ماڵ."

هەروەها ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو یەخچاڵانەی کە پێیان دەدرێت، هەمان یەخچاڵەکانن کە لە بەندەری گەناوەوە هاوردە دەکرێت و هێزەکانی ئینتیزامیی ڕێژیم بە ناوی کاڵا قاچاخ دەستیان بە سەردا دادەگرێت. هەروەها ئەو تلویزیۆنانەیش کە پێیان دەدرێت، هەمان تلویزیۆنەکانن کە لە سنوورەکانی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە هێرش کردنە سەر کۆڵبەران، دەستیان بە سەردا دەگرن.

ھەڵۆکانی دێموکرات چاونەترسانە و بوێرانە لە نێو بارەگاکانی تێرۆریستپەروەرانی ئاخوندی، کار و چالاکیی خۆیان، بەربڵاو و فەراوانتر لە جاران پەرە پێدەدەن و ھەواڵە گرنگەکانی خۆیان دەنێرن بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گیانی خۆیان فیدای ئامانج و نەتەوە و ڕێبازی شەھیدان و حیزب دەکەن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە حاڵێکدا ھەموو کاتەکان خەریکی کوشتن و ڕاو و ڕووتکردنەوەی خەڵکی ھەژار و لێقەوماوی کوردستان، بەتایبەت کۆڵبەرەکانە کە دەست بە سەر بار و کۆڵەکانیان دەگرن و دوایی دابەشی دەکەن بە سەر سیخوڕەکان و ماڵە جاشەکان و بەسیج و تەنانەت بگرە چەند وڵاتی تایبەت و دەستپەروەردەی خۆیان.

چوارشەممە، ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٨

ھەڵۆکانی دێموکرات