کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شار پیرۆزبایی نەورۆز و کرانەوەی تیشکیان کرد

13:50 - 2 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شار پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێ  و کرانەوەی کەناڵی تیشکیان کرد و بەو بۆنەیەوە تەقەی شادییان کردووە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی خاکەلێوە، پێشمەرگەکانی شار لە شاری مەهاباد و ناوچەی شاروێران پیرۆزبایی نەورۆزی کوردەواری و کرانەوەی تەلەڤزیۆنی تیشک لە خەڵکی کوردستان،کادر و پێشمەرگەکانی شاخ و شار کردووە و بە تەقەی شادی هەستی خۆیان بۆ ئەو دوو بۆنەیە دەربڕیوە.

هەروەها پێشمەرگەکانی شار لەم ناوچەیەدا پەیمانیان لە گەڵ ڕێگا و رێبازی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نوێ کردەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا چالاکی و ڕێوڕەسمگەلێکی بەرین بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێ و کرانەوەی تەلەڤزیۆنی تیشک لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەچوو کە هەیمەنە و زاڵییەتی ڕێژیمە کۆماری ئیسلامی بردە ژێر پرسیار.