کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شار لە مەریوان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، بەڵێنیی وەفادارییان بە ڕێبازەکەی قاسملوو نوێکردەوە و تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەن.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا ئەژین
گەلێک ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا
هاونیشتمانییانی هێژا! خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
هەر وەک ئاگادارن، ٣٠ ساڵ بە سەر تێرۆرکرانی ناوداری گەلەکەمان، دوکتور قاسملوو تێپەڕ دەبێت، کورد و بەگشتی دنیای دەرەوە، هێدی هێدی لە ئامانج، هزر و بیر، کار و کردار و کردەوەکانی قاسملووی نەمر تێدەگەن.
هەر بۆیە ئەمساڵ، بەنیسبەت ساڵانی پێشوو وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان. هەموان شاهیدی ئەو ڕاستییە بووین کە چۆن بە جوش و خرۆشەوە، هەڵویستی کردار و وەفاداری، تووڕەیی خۆیان بە دژی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری پەت و سێدارە دەربڕی.
ڕاسانی تاراوگە، خاڵێکی نوێ و دەستپێکێکی بەهێز بوو لە خەباتی تاراوگەنشین، بۆیە ئێمەش وەک پێشمەرگەی شار لە مەریوان، لە یادی سییەمین ساڵوەگەڕی شەهید دوکتور قاسملوو، تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری پەت و سێدارە مەحکووم دەکەین.
لە هەمان کاتدا پەیمان و وەفاداریی خۆمان بە ڕێبازی پڕ لە سەرەوەریی قاسملووی نەمر نوێ دەکەینەوە کە هەتا دواهەناسەی ژیان، پارێزەری نیشتمان دەبێن. سڵاو لە خوێنی پاکی شەهید دوکتور قاسملوو و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان.
پێشمەرگەکانی شار لە مەریوان
٢٦ی پووشپەڕ