کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شار پەیامێکیان بڵاو کردەوە

18:17 - 5 پووشپەڕ 2720

پێشمەرگەکانی شار بەبۆنەی شەهیدکردنی کاک "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" پەیامێکیان بڵاو کردەوە و پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهید هیدایەت و سەرجەم شەهیدانی کوردستان نوێ کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

مرۆڤە دەروەست و نیشتمانپەروەرەکان

ئەندامان و لایەنگرانی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەر وەک ئاگادارن ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، پاش ماوەی نزیک بە دوو حەوتوو بێخەبەری لە چارەنووسی هاوڕێی تێکۆشەر کاک "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"؛ لەلایەن ڕاگەیاندنی حیزبەکەمانەوە ئاگادار کراینەوە، کە بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، هاوڕێی تێکۆشەر کاک هیدایەت لەلایەن جەلادەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گولـلەباران کراوە.

بێگومان ئەمە نە یەکەمین جەنایەتی کۆماری ئیسلامییە و نە ئاخریشی دەبێت. ڕەوتی لێپرسینەوە و دادگاییکردن و بێسەروشوێن‌کردنی هاوڕێ هیدایەت دژ بە هەموو بەها و پرنسیپە نێونەتەوەیی و تەنانەت یاساکانی کۆماری ئیسلامیشە و لە ڕاستیشدا ئەم کارەساتە تاڵە جارێکی دیکە ئەم ڕاستییەمان بیر دێنێتەوە کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەتا چ ڕادەیەک لەهەمبەر پێشێلکارییەکانی مافی نەتەوەیی و تاکەکانی وڵاتی داگیرکراوی کوردستان کەڕ و بێدەنگە و لەلایەکی دیکەوە ئەو حەقیقەتەی سەلماندووە کە بە هیچ چەشنێک مافەکانی گەلەکەمان نە لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا دەستەبەر دەکرێت، نە جەللادەکانی خاک و ئاو ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە قایل بە ڕێگە چارەسەریی ئاشتیانەی داخوازە ڕەواکانی گەلەکەمانن؛ هەر بۆیە تاکە ڕێگەمان تاکە خەباتێکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ وەرگرتنی مافەکانمان و داماڵینی نیشتمان لە هەموو داگیرکەران.

سەرکەوێ خەباتی ڕەوا و شۆڕشگێڕانەمان بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵنەدان هەتا وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدانمان

یادی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و بەتایبەت دوا شەهیدمان، هاوڕێ ‌هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندووە.

پێشمەرگەکانی شار