کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شار: چاوەڕوانی فەرمانین

17:54 - 29 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شار لە مەریوان، بە بۆنەی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیم، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی سێشەمە، ٢٧ی خاکەلێوە، پێشمەرگەکانی شار لە "کانی دینار"ی مەریوان بە بۆنەی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیم و پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لەو چالاکییەدا، بە نووسینی دروشمگەلێک وەک: "ئاگاداریی حیزبی دێموکرات: جاشەکانی سپای پاسداران هوشیار دەکەینەوە"، "هۆشداریی حیزبی دێموکرات: جاشە تێرۆریستەکانی سپا دەست لە خەیانەت هەڵگرن"، "بژی حیزبی دێموکرات، بڕووخێ ڕێژیمی سێدارە، بژی حدکا"، "جاشەکانی تێرۆریستی سپا بکشێنەوە"، "بژی حیزبی دێموکرات" هۆشدارییان بە خۆفرۆشان داوە و داوایان لێ کردوون تا درەنگ نەبووە بگەڕێنەوە باوەشی گەل.

هەروەها خاکیپۆشانی شار لە درێژەی چالاکییەکەیاندا، پەیامێکیان ڕوو لە خۆفرۆشان بڵاو کردووەتەوە، کە دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

چاوەڕوانی فەرمانین

ئێمە پێشمەرگەکانی شار لە "کانی دینار" بەپیریی پەیامەکەی کاک "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دێین و ئامادەین لە پێناویشیدا گیانمان بەخت بکەین.

لێرەوە بە جاش و مۆرەکانی ڕێژیم دەڵێین: کە ئەمە کۆتا دەرفەتە و هەروەک لێپرسراوی گشتیی حیزب وتوویەتی: "لە دواییدا کەس مافی ئەوەی نابێت، پاکانە بۆ تێرۆریستبوونی هیچ کەس بکات".

کۆتا قسەمان ئەوەیە، بینەوە ڕیزی گەل، دەنا دەکەونە بەردەستی دادگای گەل.

بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

سەرکەوێت ڕاسان.

ڕێکەوت ٢٧ی خاکەلێوە، "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا داوای لە خۆفرۆشان کرد، کە بگەڕێنەوە باوەشی گەل و خۆیان لە تاوانەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران بێبەری بکەن.