کوردستان میدیا: بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان پێشمەرگەکانی شار پشتیوانی لە پێشمەرگەی شاخ دەکەن و پەیمان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ دەکەنەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پێشمەرگەکانی شار لە پیرانشار، لە پەیامێکدا، پشتیوانی لە پێشمەرگەی شاخ دەکەن و بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پەیمان لە گەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ دەکەنەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
گەلێک ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەوئازادییەش بدات.
ئێمە پێشمەرگەکانی شار، پاڵپشت و پشتیوانی پێشمەرگەکانی شاخ، لە ساڵیادی لە سێدارەدان و شەهیدکردنی ڕێبەری گەورەمان، کەسایەتی هەڵکەوتوو و مێژوویی نەتەوەکەمان، کە بەهەڵکڕدنی بڵێسەی ئاگری خەبات کە زیاتر لە حەوت دەیەیە، ئێستاش ڕۆڵ و نەقشی ئەو ڕێبەرە گەورەیە، ئەوەندە بەهێزە کە بیرۆکەی نیشتمانپەروەری و مافپەروەری ڕێنوێن و چرای خەباتی حیزب و ڕێبەرانمانە.
ڕێبەرێک کە لەو سەردەمەدا، حیزبێکی سیاسی و پێشکەوتوو، بەنێوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێک دێنێت کە لەماوەیەکی کەمدا ناوچەی موکریان دەکاتە بێشکەی خەبات و بە بەرخۆدان لەدژی ڕێژیمی پەهلەوی، زۆر زوو ناوچەی موکریان لە بندەستی ڕێژیم ڕزگار دەکات و کۆماری کوردستان ڕادەگەیێنێت، کۆمارێک کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، دەسکەوتگەلێکی زۆر گەورە و مێژوویی بەدەست دێنێت، بەڵام ڕێژیمی پەهلەوی کە پێشەوای نەمر ببوو بە چقڵی چاویان و حکوومەتی پەهلەویی وەلەرزە خستبوو ، هەروا بێدەنگ نەبوون ، لە هۆڵێکی بەنێو دادگادا، بە سێدارە سزا درا.
پێشەوای نەمر، لەژێر زەختی دوژمن بە چۆکدا نەهات و ئەرک و بەرپرسایەتی کۆماری وەئەستۆ گرت بۆ ئەوەیکە کارەساتی تەورێز لە کوردستاندا دووپات نەبێتەوە، گیانی خۆی فیدای خەڵک و نەتەوەکەی کرد و تا دواچرکەساتی ژیانی لەژێر پەتی سێداڕەشدا بە بەڵێن و بڕیارەکانی خۆی وەفادار مایەوە.
ئێمەش وەکوو پێشمەرگەکانی شار پەیمان نوێ دەکەینەوە تا دوایین دڵۆپی خوێن، کە لە جەستەماندایە، لەسەر ڕێبازی نیشتمانپەروەرانەی ڕێبەرمان لانەدەین و یادیان بەرزڕاگرین و هەموو کات بیروباوەڕی ڕێبەرانمان بکەینە پێشەنگی خەبات بۆ ڕزگاری و خزمەت بە نەتەوەکەمان.
سڵاو لە هەموو شەهیدانی کوردستان
سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی زیندانیانی سیاسی
پێشمەرگەکانی شاری پیرانشار