کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات خەڵاتی "چیرۆکنووسیـ"ـی بەدەست هێنا

12:02 - 1 بەفرانبار 2720

"بێهزاد قادری" پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و هاوکاری ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بواری "چیرۆکنووسی" خەڵاتی پێبەخشرا.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز دەزگای "ڕوانگە" خەڵاتەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیی بەسەر لاوانی لێوەشاوەدا بەخشی.

ئەو خەڵاتانە بە کەسانی سەرکەتوو لە بەشەکانی: "وێنەکێشان، وێنەگری، هۆنراوە، هونەری وەبەرهێنانەوە، دەستپێشخەریی کار، کورتەچیرۆک، کورتە فیلم، داهێنانی زانستی، تاکژەنیی موزیک و پڕۆگرامسازی" درا.

لەلایەن ئەو دەزگایەوە لەنێو زیاتر لە ۵۰۰ کەس ۳۰ کەس پاڵێوران. لە بەشی کورتەچیرۆک ۱۲۵ لاو بەشدار بوون کە "بێهزاد قادری" پلەی سێیەمی بەدەست هێنا.

بێهزاد پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە و خاوەن دوو کۆمەڵە چیرۆکە بە ناوەکانی: "نێچیری وەرزەکان و شاوەتی جنۆکە".

ناوبراو لەبارەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە باسی لەوە کردووە: "بۆ هەر کوردێکی نەتەوەیی، هیچ شانازییەک لە ژیانیدا ناگات بەوەی کە تەنیا بۆ ساتێکیش پێشمەرگایەتیی کردبێت. پێشمەرگە بیت، هیوای گەلێک بیت و گەلێک تۆ بە ڕۆڵەی خۆی بزانێت، لەوە خۆشتر چ شتێک دەتوانێت بوونی هەبێت؟"

ناوبراو جەختی کردووەتەوە: "من وەک پێشمەرگەیەک خەڵاتی ڕوانگەم بۆ ساڵی ۲۰۲۰ وەرگرت، ئەوەیکە ئەم خەڵاتەم زۆر بۆ خۆشەویستتر دەکات، شەوی پێشکەشکردنەکەیەتی، واتە شەوی یەڵدا و شەوی لەدایکبوونی ڕێبەرم قاسملووی مەزن".

هەروەها ئەو دەزگایە بڕوانامەی ڕێزلێنانی بە ناوبراو پێشکەش کردووە.

خەڵاتەکانی ڕوانگە بۆ حەوتەمین ساڵە پێشکەش دەکرێت و تایبەت بە هەرێمی کوردستانە.