کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرین لە سەردەشت کۆچی دوایی کرد

18:18 - 1 بانەمەڕ 2721

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەردەشت بەهۆی بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، "مام سەعیدی عەبدوڵڵاپوور" پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی گوندی "بێژوێـ"ـی ناوچەی ئالانی سەردەشت کە تا سەر وەفادار بە ڕێبازەکەی بوو، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مام سەعید ساڵی ١٣٥٨ تا ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، بەڵام بەهۆی خێزانداری و زۆربوونی ماڵ و منداڵەوە لەسەر ئیزنی حیزب چووەتەوە ناوخۆی وڵات و پاش چوونەوەی بۆ ناوخۆی وڵاتیش وەفادار بە ڕێبازی هاوڕێیانی شەهیدی دەبێت و دڵسۆزتر و بەهێزتر بەردەوام شانازیی بە ڕابردووی خۆیەوە دەکرد.

تەرمی مام سەعید ڕۆژی سێشەممە ٣١ی خاکەلێوە، لە گوندەکەی خۆیاندا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.