کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرین ماڵاوایی لە ژیان کرد

10:40 - 11 رێبەندان 2720

کاک "محەممەد ڕەزایی" ناسراو بە "حەمە کۆرەرەیی" و دواتر ناسراو بە "خەلیفە حەمە" لە کامیاران کۆچی دوایی کرد.

کاک محەممەد  لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی لە گوندی "کۆرەرەی" ناوچەی "بێڵەوار"ی "کامیاران" لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی "بێستوون" بوو و تا ساڵی ١٣٦٢ پێشمەرگە بوو.

 لە ساڵی ١٣٦٢ بەهۆی ئەوەیکە بنەماڵەکەی و براکانی لەژێر گوشاری چەند بنەماڵەیەکی جاش دابوون و مڵک و ماڵیان لێ زەوت کرابوو، شەهید "شاپوور فیرووزی" داوای لێ دەکات کە چەک دابنێ و نەبێتە هۆکار بۆ چەوساندنەوەی چەندین بنەماڵەی تر. بۆیە بە ناچار چەک دادەنێ و خۆی تەسلیم دەکاتەوە.

لە دوای تەسلیم بوونەوەی کەوتە ژێر گوشارێکی زۆر بۆ ئەوەی هاوکاریی ڕێژیم بکات و ئەو کەسانەی کە یارمەتیی پێشمەرگەیان کردووە بە ئیتلاعات بناسێنێ. ئەو زۆر قارەمانانە و بێباکانە لە بەرامبەر گوشارەکاندا وەستا و چکۆلەترین هاوکاری نەکردن. هەر بۆیە لە ناو خەڵکی ناوچەدا زۆر ڕێزی لیدەگیرا و وەک سەمبوڵی خۆڕاگری و نموونەیەکی باش لە شۆڕشگێرێک کە ئەگەر دەرەتانی درێژەی شۆڕشی لێ گیراوە، بەڵام تەسلیمی ویستەکانی دوژمنیش نەبوو.

هەر بەو بۆنەیەشەوە گوشاری زۆریان خستە سەر و ڕێگەی هەموو شێوە کارکردنێکیان لێ گرت بۆ ئەوەی ناچاری بکەن کە بۆ بژێوی ژیانی بنەماڵەی داواکانی ئیتلاعات جێبەجێ بکات. ئەو هەر کۆڵی نەدا و لە ماڵ دانیشت و کوڕە گەورەکانی کە ئەو کات یەکیان ١٣ساڵ و ئەویتریان ١٠ساڵ تەمەنی بوو شانیان دایە بەر کرێکاری و قوتابخانەیان بەجێهێشت. ئەوان هەتا چەندین ساڵ دواتریش ڕێگەی پێنەدرا ژیانێکی ئاسایی هەبێت و ناوە ناوە هەر کۆسپێیان بۆ لەسەر ڕێی دادەنا. بەڵام ئەو بڕیاری خۆی دابوو دەبوو کۆڵ نەدات وهەر کۆڵیشی نەدا تا بە سەربەرزی سەری نایەوە.

لە ماوەی چوار ساڵ پێشمەرگایەتیدا نزیک بە دوازدە جار بریندار بوو. هەر دوو باڵی، هەردوو پێی، شانی چەپی، زگی لە  چەند جێگا و دەم و چەناگەی بە گولـلە و بە پارچەی تۆپ و خومپارە بریندار بوون.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٩ و لە تەمەنی ٧٧ساڵیدا بۆ هەمیشە ماڵئوایی یەکجارەکی لە ژیان کرد و سەری نایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.