کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرین کۆچی دوایی کرد

10:48 - 15 رەشەمه 2719

کاک "ئیسماعیل نەقشبەندی" پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد.

کاک "ئیسماعیل نەقشبەندی" لە ساڵی ۱۳۳۰ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە پاوە لەدایک بوو. هەتا پۆلی ٣ی ناوەندی لەم شارە دەرسی خوێند.

ناوبراو خۆشکەزای شەهید "محەممەدعەلی نەقشبەندی" بوو، وێڕای خاڵی، لەسەر تەنیا دەرمانخانەی پاوە کاری دەکرد.

لە گەرمەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا یەکێک بوو لە چالاکانی دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی، بە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و دامەزرانی ڕێژیمی ئیسلامی یەکێک بوو لەو لاوە تێکۆشەرانە تێکەڵ بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و چەکی پێشمەرگایەتیی لە شان کرد.

ناوبراو بەهۆی شارەزایی لە دەرمان و یارمەتییە سەرەتاییەکانی دەرمانی لە کۆمیتەی هەورامان وەک کادری دەرمانی سازمان درا و هەتا ساڵی ۱۳٦۷ی هەتاوی شان بە شانی پێشمەرگەکانی هێزی شاهۆ لە بنکە دەرمانییەکانی "نەوسوود، سوورەتفێ، سەرڕێز" و لەم دواییانەشدا لە "دەرەتفێ" هەم خزمەتی پێشمەرگەکانی هەر دوو هێزی شاهۆ و زاگرۆس و هەم خەڵکی ناوچەکەشی دەکرد .

"ئیسماعیل نەقشبەندی" ناسراو بە دوکتور ئیسماعیل، مرۆڤێکی دڵسۆز، ڕووخۆش و جێگای بڕوای خەڵک و هاوسەنگەرانی بوو.

کۆچکردوو لەو کەسانە بوو کە لە پرۆسەی هێرشی ڕێژیم لە کۆتاییەکانی ساڵی ۱۳٦٦بۆ سەر ناوچەی هەڵەبجە و دەوروبەری لەگەڵ ژمارەیەک بنەماڵەی پێشمەرگە لە هێز دابڕا و نەیتوانی خۆی ڕزگار بکات و بەم چەشنە کەوتە دەستی ڕێژیم. ئەو بۆ ماوەی ٥ ساڵ کەوتە زیندانی ڕێژیم و گەلێک ئەشکەنجە و ئازاری بینی.

بەدوای ئازادبوونی لە زیندان و دۆخی نالەباری لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمدا، جارێکی دیکە ژن و تاقە کچەکەی بەجێ هێشت و گەڕایەوە بۆ کوردستانی باشوور و لە هەولێر وەک ئەندامی حیزب نیشتەجێ بوو. ئەو بە مەبەستی پەنابەری خۆی بە "یوو.ئێن" لە هەولێر ناساند و هەتا ساڵی ۱۹۹۹ی زایینی وەک پەنابەر لە نۆرویژ وەرگیرا.

لە نۆروێژیشدا بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە بەشێک لە جەستەی لە کار کەوت.

سەرەنجام ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەشەمە دوای ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری و دوری لە ئازیزان و وڵات ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.