کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرین کە لەلایەن سەروان"حاتم" و "چەکۆ" خەڵات کرابوو کۆچی دوایی کرد

18:19 - 27 رەشەمه 2719

مام "ئەحمەد خۆشروو" پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و ئەندامێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە گەل و نیشتمان کرد.

ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمە مام "ئەحمەد خۆشروو" ناسراو بە (خاڵە ئەحموهەرکی) لەدایکبووی ساڵی ۱۳۰٦ی هەتاوی کوڕی "شاهین" شاری شنۆ بەهۆی پیری کوچی دوایی کرد.

مام ئەحمەد لەسەردەمی کۆماری کۆردستاندا گەنجێکە و دەبێتە پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و هەتا‌ دواساتەکانی تەمەنی کۆمار بەو پەڕی  وەفاداری وەک پێشمەرگەیەک داکۆکی لە کۆماری کۆردستان دەکات.

لە دەیەی ٤۰دا لە ئاکامی کار و تێکۆشانی حیزب لەلایەن ژاندارمە و ساواکەوە دەکەوێتە ژێر چاودێری.  چەندین جار دەگێرێت و ئازار و ئەشکەنجە دەکرێت؛ بەڵام لەسەر بێرو باوری هەر سوور دەبێ.

دواجار ژاندارمەکانی حەمەڕەزاشا  لە کوێستانی "مێرگە زیارەت"ی  شنۆ بە شەو بە مەبەستی دەسبەسەرکرانی گەمارۆی دەدەن؛ بەڵام مام ئەحمەد  ئەمجارە بریاری خۆیدا و لێیان وەدەست دێ دەیانداتە بەر دەستڕێژ وچەند کەسیان لێ بریندار دەکات و دوای شەڕێکی ئازایانە دەرباز دەبێت و روو دەکاته کوردستانی باشوور و لەوێ دەمێنێتەوە لە شۆڕشی ئەیلولی کوردستانی باشووردا بەشداری دەکات.

ناوبراو دەبێتە پێشمەرگەیەکی نموونە و جێگای ڕێز و متمانەی بەرپرسانی و چەند جار تەشویق دەکرێ.

 دوای نسکۆی شۆڕشی کوردستانی باشوور جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ئێران و لە گوندی "سۆفیان" لای برایەکانی دەگریسێتەوە لەگەڵ دەستپێکردنەوە تێکۆشانی  ئاشکرای حیزب مام ئەحمەد وەک کەسێکی بەئەزموون و شارەزا دەبێتە یەکێک لە ڕێکخەرانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی پیرانشار و شنۆ.

ناوبراو داوای لێدەکرێ بەرپرسایەتی وەرگرێ، بەڵام لەبەر باری جەستەیی قەبووڵی ناکات و  کاک "محەممەد کوردنژاد" ناسراو (محەممەدی عەلی پیرێژنێ) پێشنیار دەکات بەڵام خۆی قەت لە هێزی پێشمەرگە دانەبڕا.

لە چەندین شەڕی گەورە و حەماسیدا بەشداری کرد لە شەڕی "دۆڵی باوبادینان" لە جادەی پیرانشار ـ نەغەدە بە سەختی بریندار بوو.

مام ئەحمەد بەهوێ چالاکی و ئازایەتی لەلایەن دوو فەرماندە هێز ‌شەهیدان سەروان "حاتم دوعاخان فەرماندی هێزی "نەحو" و سەروان "چەکۆ ڕەحیمی" فەرماندەی هیزی سمکۆ خەڵات دەکرێ.

ناوبراو بەهۆی باری تەندروستی لەنێوخۆی وڵات مایەوە و هەتا دوا ساتەکانی ژیانی وەفادر بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە.

تەرمی مام ئەحمەد لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا لە گۆڕستانی شەهیدانی شنۆ بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی مام ئەحمەد سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.