ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک "قوربان حوسێن پوور" پێشمەرگەی دێرین و تێکۆشەری حیزبی دێموکرات بەهۆی نەخۆشی خەڵکی سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو هەر لە منداڵییەوە بە بیری کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییەوە گەورە بووە و دوای هەستپێکردن بە ستەم و چەوسانەوەی گەلەکەی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی هاتووەتە نێو ڕیزەکانی شۆڕش لە حیزبی دێموکرات و لە هێزی "گیاڕەنگ" سازمان دراوە.
ناوبراو تا ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە حیزبی دێموکراتدا ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی بەڕێوە بردووە.
کاک "قوربان" ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و چووە سەر ژیانی ئاسایی خۆی بەڵام هەتا لە ژیاندا بوو، وەفادار بە ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات مایەوە.
بەداخەوە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ بەهۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ دڵی تەژی لە ئەوینی بۆ نیشتمان لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە گەلەکەی کرد.
تەرمی کاک "قوربان" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا، بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و بنەماڵەی حوسێن پوور و سەرجەم خەڵکی شاری سەردەشت و ناوچەکە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.