کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد

17:29 - 27 رێبەندان 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی بە وەفای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاک "ئەحمەد خزری" کوڕی ''مەلا بایزید'' دانیشتووی گوندی "بێمزورتێ" سەر بە شاری شنۆ لە تەمەنی ٧٩ ساڵی بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

کاک "ئەحمەد خزری" لە ١٩ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی لەدایک بووە.

لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی دوای گیرانی چەند هاوڕێیەکی لەلایەن ڕێژیمی پەهلەوی وەک ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماڵ و زێدی خۆی بەجێ هێشت و بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕووی لە باشووری کوردستان کرد و پەیوەست بە هاوڕێیانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و لە شۆڕشی ئەیلوول بەشداریی کرد.

کاک ئەحمەد لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات بە هەڵگرتنی چەکی شەرف لە هێزی بەرگریدا کار و تێکۆشانی خۆی دەست پێ کرد.

ناوبراو کەسێکی کوردپەروەر و دیار و خۆشەویستی خەڵکی ناوچە بوو و لە ڕێگای ئامانجە پیرۆزەکەیدا بە دڵ و بە گیان هەوڵی دەدا یارمەتیی حیزبەکەی بکات.

لە ڕێکەوتی ١٣ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی کە حیزبی دێموکرات میتینگێکی گەورەی جەماوەریی بە بەشداریی ڕێبەری گەلی کورد شەهید دوکتور ''قاسملوو'' بۆ ئاشکراکردنی خەباتی حیزب لە شاری نەغەدە پێک هێنا، ئەوە بوو کە شەڕێکی نەخوازراو بەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا سەپێندرا. کاک ئەحمەد یەکێک لەو پێشمەرگانە بوو کە لەو میتنیگەدا بەشدار بوو و لە کاتی دەستپێکردنی ئەو شەڕەدا زۆر ئازایانە بەرگریی لە خەڵکی بێ تاوانی شاری نەغەدە کرد و هەر لەو شەڕەدا بە سەختی بریندار ببوو.

ناوبراو لە گەلاوێژی ١٣٦٠ی هەتاوی بە ناچاری ماڵ و منداڵەکانی بەجێ هێشت و لە هێزی شەهید ''سمکۆ'' سازمان درا و تا هاوینی ١٣٦١ لە ڕیزکانی حیزبی دێموکراتدا لە خەبات و تیکۆشاندا بوو و دواتر لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێو ماڵ و منداڵەکانی.

کاک ئەحمەد بەردەوام لەلایەن ڕێژێمەوە لەژێر چاوەدێری و ئازار و ئەزیەتدا بوو، ساڵی ‌١٣٦٨ی هەتاوی دوای شەهیدبوونی کادرەکانی کۆمیتەی ''سینگان'' شەهید ''سمایل سمایل محەممەدی'' و هاوڕێیەکی لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شنۆ دەسبەسەر کرا و دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر بە بێهۆشی و چاوبەستراوی لە مەزرای ''ئەمیر ئابادی'' شنۆ بەجێیان هێشتبوو کە لەلایەن خەڵکی سینگان دۆزرایەوە.

ناوبراو بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی زۆرەوە ئیتر نەهاتەوە سەر بارودۆخی جاران.

کاک ئەحمەد وەک ئەندامێکی بە وەفای حیزب مایەوە و تا ماڵاوایی یەکجاری بە هیوای کوردستانێکی ئازاد و سەربەست بوو.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری کاک ئەحمەد خزری دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.