کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆڕوێژ کۆچی دوایی کرد

17:32 - 6 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ـی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی کاک "محەممەد خانی" کوڕی "سەرمەست و سەلمە"  خەڵکی "زەیکەندی" بەشی "سایین قەڵا" سەر بە ناوچەی "هەوشار" لە وڵاتی "نۆڕوێژ" کۆچی دوایی کرد .

کاک "محەممەد" لە بنەماڵەیەکی خۆشناو و نیشتمانپەوەری ناوچەی "هەوشار" لەدایک بووە و ساڵی ١٣٥٨ـی هەتاوی چەکی پێشمەرگایەتی بۆ بەرگری لە گەل و وڵاتەکەی کردووەتە شان و وەکوو پێشمەرگە لە هێزی "بەیان" سازمان دراوە و بۆ ماوەی شەس ساڵ ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بەجێ گەیاندووە.

ناوبراو پێشمەرگەی دێرین و ئەندامێکی چالاکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە ماوەی ژیانیدا کەسێکی وەفادار و ئەمەگدار بە ڕێبازی دێموکرات بووە.

ناوبراو دواتر لە ئۆردووگای "ڕومادی" لە کەمپی "ئاڵتاش" نیشتەجێ دەبێت و ساڵی ١٣٦٦ـی هەتاوی دەچێتە وڵاتی "نۆڕوێژ" و وەکوو  پەنابەری سیاسی لەگەڵ بنەماڵەکەی وەردەگیرێن. دوای گیرسانەوەیان لە وڵاتی "نۆڕوێژ" سەرلەنوێ درێژە بە کاری حیزبی دەدات.

بەداخەوە  کاک "محەممەد" ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ـی پووشپەڕ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری "ئۆسلۆی" پایتەختی وڵاتی نۆڕوێژ، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی  خەم و پەژارەی خۆی، سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری کاک "محەممەد" و سەرجەم بنەماڵەی "خانی" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت .