کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە "پیرانشار" کۆچی دوایی کرد

11:54 - 16 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی شەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی مامۆستا مەلا "محەممەد یوسفی" خەڵکی "پیرانشار"، لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مامۆستا مەلا "محەممەد یوسفی" دوای شۆڕشی گەلانی ئێران پەیوەست بوو بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە سەرەتای دەستبەکاربوونی تەشکیلاتی حیزب لە پیرانشار، وەکوو کادری حیزب لە پیرانشار ئەرکی حیزبیی خۆی بەڕێوە دەبرد.

ناوبراو دوای گیرانی جادەی سەردەشت ــ پیرانشار چووەتە دەفتەری سیاسی و هەتا ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە سکرتاریای حیزب کار و تێکۆشانی هەبوو.

مامۆستا مەلا "محەممەد" دواتر لەسەر ئیزنی حیزبی دێموکرات بەهۆی بەساڵاچووییەوە گەڕایەوە نێو بنەماڵەکەی و هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو لە "پیرانشار" بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.