کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە کۆیە کۆچی دوایی کرد

12:43 - 17 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ۱٦ی پووشپەڕ، کاک "عەزیز خۆشنەواز" ناسراو بە عەزیز (شائابادی) پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوڕی کاک "بەهرام" خەڵکی شاری "شائاباد"ی پارێزگای کرماشان بەهۆی پیری لە تەمەنی تەمەنی ٨۲ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک "عەزیز خوشنەواز" لە شاری "شائاباد"ی پارێزگای کرماشان لەدایک بووە و ساڵی ١٣٥٩ لە ناوچەی "بێڵەوار"ی کامێران پەیوەندی بە کۆمیتە شارستانی کرماشان و هیزی "بێستوونـ"ـەوە دەگرێ و وەک هاوکارێکی دڵسۆزی کۆمیتەی کرماشان لە ناوچەی شائاباد چاڵاکی حیزبی دەست پێ دەکات و بڵاوکراوەکانی حیزبی لەو ناوچەیە بڵاو دەکاتەوە.

 دواتر بەهۆی نەبوونی دەرفەتی تێکۆشانی سیاسی و تەشکیلاتی دەگەڕێتەوە هێزی بێستوون و کۆمیتەی شارستانی کرماشان، بە فەرمی دەبێتە پێشمەرگە و چەکی شۆڕش و بەرخودان هەڵدەگرێت.

ناوبراو لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە هێزی بێستوون وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و بەجەرگ شان بە شانی هاوسەنگەرانی لە هێزی بێستوون بەرگری لە سەروەریی نەتەوە و نیشتمانەکەی دەکات.

کاک "عزیز" وەک پێشمەرگەیەکی نموونە لە بواری نەزم و دیسیپلین خوی دەردەخات و لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی کامێران و کرماشان بەشداری چالاکانە دەکات.

ناوبراو ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی نەقڵی کۆمیتەی شارستانی مەریوان و هێزی زرێبار بوو و لە هێزی زرێباریش وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆز وفیداکار، ئەرکی پیرۆزی خۆی بەباشی بەڕێوە برد و بوو بە خۆشەویستی هاوسەنگەرانی لە هێزی زڕێبار.

 کاک "عزیز" سەرەڕای ئەوەی تەمەنی لە زۆربەی پێشمەگەکان لەسەرتر بوو بەڵام بۆ بەجێ گەیاندنی هەموو ئەرکێکی حیزبی لە هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی دیکەی قەت بەجێ نەما و ماندوویی نەناسانە خەباتی درێژە دەدا.

 ساڵی ۱۳٦٥ بەهوی گۆڕانی بارودۆخی ناوچە و قۆناغی خەباتی شەڕی پارتیزانی کاک عزیز لە بنکەی دەفتەری سیاسی لە هێزی سامڕەند ئەرکی خۆی بەڕێوە دەبرد.

کاک "عزیز" هەتا کاتی دوا ماڵاوایی لە هێزەکانی دەورووبەری دەفتەری سیاسیی حیزب ئەرکی خۆی بە باشی بەڕێوە برد.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ۱٦ی پووشپەڕ لە هێزی ۱۲۷ی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و لە ڕێگای نەتەوە و نیشتمانەکەیدا شەهید بوو.

تەرمی کاک "عەزیز خۆشنەواز" لەنێو ئاپۆرای هاوسەنگەرانیدا لە گورستانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکرات سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزمە و کەسی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.