کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

18:09 - 12 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بۆکاندا، کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ١٠ی جۆزەردان، ''مەلا مەحیەدین مودەڕێسی''، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر، به هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی، لە شاری بۆکاندا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"مەلا مەحیەدین مودەڕێسی"، لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان لەدایک بووە و کادری ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکرات، لە دەیەی ٤۰ی هەتاویدا بووە.

نابراو لە ڕاپەڕینە چەکدارییەکانی بەشکۆی ساڵەکانی ٤٧ــ ١٣٤٦ی هەتاویی حیزبی دێموکرات لە دژی ڕێژیمی پاشایەتیدا، بەشداریی کردووە.

"مەلا مەحیەدین مودەڕێسی"، بەهۆی بەشداریکردن لە ڕاپەڕینەکانی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاویدا، نەیتوانی لە نێوخۆی وڵاتدا بمێنێتەوە و بەناچاری تا ساڵەکانی کۆتایی ڕێژیمی پەهلەوی، لە باشووری کوردستاندا مایەوە.

ناوبراو دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی، گەڕایەوە شاری بۆکان.

"مەلا مەحیەدین"، کەسایەتییەکی ڕووناکبیر و وریا و حیزب خۆشەویست بوو و لە دامەزراوەکانی حیزبدا خاوەن هەڵوێست، لایەنگری پرەنسیپ و بڕیاراتی کۆنگرەکان بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.