کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

18:52 - 31 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی بانەمەڕ، پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی ''عەزیز قادری'' کوڕی ''عەبدولوەهاب'' ناسراو بە ''کوێخا عەزیز'' خەڵکی گوندی ''بۆڕیەر'' سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک ''عەزیز قادری'' سەرەتای شۆڕش وەک پێشمەرگە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا چەکی شەرەفی لە شان کرد و بەوپەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە دژی داگیرکەرانی کوردستان خەباتی دەکرد.

ناوبراو وەک پێشمەرگەیەکی جێ متمانەی کۆمیتەی شارستانی مەریوان ئەرکی کاروباری تداروکاتی بە ڕێوە دەبرد.

''کوێخا عەزیز'' ساڵی ٦۳ی هەتاوی تا ساڵی ٦٥ لە کۆمیسیونی کۆمەڵایەتیی حیزب درێژەی بە ئەرکی پێشمەرگایەتی دا، بەڵام دواتر بە‌هۆی گرفتی ژیانی بنەماڵەیی، لە‌سەر ئیزنی حیزب لە ماڵی خۆی دانیشت و تا کاتی کۆچی دوایی، وەک دڵسۆزێکی حیزبی، وەفادار مایەوە و پێوەندیی لەگەڵ حیزب نەپچڕاند.

تەرمی کاک ''عەزیز'' لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە، لە گۆڕستانی گوندی بۆڕیەر بە خاک ئەسپێردرا.

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.